داوای داخستنی ئەو کەناڵانەی تەلیگرام دەکرێت لە عێراق کە بانگەشە بۆ 'لەشفرۆشی و لادان' دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گەیاندنی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی کورد داوا دەکات نووسراوێک بۆ کۆمپانیای تەلیگرام بکرێت بەمەبەستی داخستنی ئەو کەناڵانەی بانگەشە بۆ "لەشفرۆشی و لادان" دەکەن. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: تەنیا لە یەک گرووپیاندا سەدان هەزار عێراقیی تێدایە.
 
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێک لە کەناڵەکانی تەلیگرام بانگەشە بۆ کاری لەشفرۆشی و لادەر دەکەن و بەشێكیان لەلایەن چەند گرووپێکەوە بەڕێوەدەبرێن و شیرازەی خێزان و ئاکاری گەنجان دەشێوێنن، مەترسییان لەسەر کۆمەڵگەش هەیە، بۆیە داوامان لە وەزیری گەیاندن کردووە کار لەسەر داخستنی ئەو کەناڵانە بکرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە بەهۆی بەربڵاویی کەناڵەکانەوە ژمارەی ئەوانی لانەبوو کە ئەو کارانە دەکەن، بەڵام بە قسەی ئەو بەشێکیان بە ملیۆنان کەسیان تێدایە.
 
بەپێی نووسراوێک کە سۆران عومەر، 28ـی مانگی رابردوو ئاراستەی وەزیری گەیاندنی کردووە، بەڵگەنامەی گرووپێکی هاوپێچ کردووە نزیکەی 350 هەزار ئەندامی تێدایە و دەڵێت: 18 گرووپی دیکەش هەن کە ناوی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانییان هەیە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تێدایە و کەناڵەکان بە "سەرچاوەیەکی ئاسانی لەشفرۆشی" ناودەبات.
 
پەرلەمانتارەکە لە نووسراوەکەیدا دەڵێت: بەو پێیەی بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق لەشفرۆشی و دەڵاڵی بۆ کردن بۆ سۆزانییەکان قەدەخەن و یاسا سزای بۆ داناون، بۆیە لێپێچینەوە لەو بابەتە بکرێت.
 
بۆ ئەو مەبەستە داوای چاودێریکردنی سەرجەم بەرنامەکانی کردووە کە دەبنە هۆی" لادان و بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی" و دواتر ئەو گرووپانە دابخرێن، چونکە بە بۆچوونی ئەو "مەترسی لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکەن."
 
دوای ئەو نووسراوە، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق رۆژی 5ـی ئەم مانگە نووسراوێکی بۆ دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کردووە و داوای لێدەکات لەگەڵ کۆمپانیای تەلیگرام قسە بکەن بەمەبەستی داخستن و قەدەخەکردنی ئەو کەناڵانە کە بانگەشەی "لادان و تێکدان و بەدڕەوشتی" دەکەن.
 
نووسراوەکە لە کاتێکدایە بەشێک لە کەناڵەکانی تەلیگرام لە عێراق جگە لەوەی بەشێکیان وەکو تەڵە بۆ لەخشتەبردنی کەسانێک بەکاردەهێندرێن، ژمارەیەک کەس بۆ بانگەشەی لەشفرۆشی بەکاریدەهێنن.
 
پەرلەمانى عێراق لە 27ـى نیسانی 2024، هەموارى یاساى بنەبڕکردنى لەشفرۆشیی پەسندکرد؛ هاوڕەگەزخوازى و چەند هەڵسوکەوتێکى دیکەى وەک تاوان ناساند. یاساکە بە زیندانیکردن بە حەوت ساڵ ئەو کەسانە سزا دەدات کە بانگەشەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی دەکەن.