پەروەردەی عێراق ئەو قوتابخانە تایبەتانە سزا دەدات کە رێژەی دەرچوونیان 49٪ و کەمترە

رووداو  دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری دا بە سزادانی ئەو قوتابخانانەی کەرتی تایبەت، کە رێژەی دەرچوون تێیاندا لە 49٪ و کەمترە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی گشتی و تایبەت و بیانی، رۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024) نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکانی عێراق کردووە، لەبارەی کەمیی رێژەی دەرچوون لە قوتابخانەکانی تایبەت. 
 
نووسراوەکە لەلایەن عەلی سعوود عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەت دەرکراوە. پشتی بە نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی راستکردنەوە و تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردە بەستووە، کە رۆژی 26ـی مانگی رابردوو ئاراستەی کردبوو و، دەڵێت "کارگێڕیی ئەو قوتابخانانە سزا دەدرێن، کە رێژەی دەرچوون تێیاندا 49٪ و کەمتر دەبێت."
 
لە نووسراوەکە، کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە؛ لێکۆڵینەوە لە کارگێڕیی ئەو قوتابخانانەی کەرتی تایبەت دەکرێت، کە رێژەی دەرچوون تێیاندا لە تاقیکردنەوەکانی ساڵی خوێندنی 2023-2024 کەم بووە. 
 
ئەحمەد سامی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "نووسراوەکە دەرچووە و گەیشتووەتە پەروەردەکان، مەبەست لێی راستکردنەوەی رێڕەوی دەرچوونە لە قوتابخانە تایبەتەکان."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری ئاراستەکردنی ئەو نووسراوە و بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە؛ بەشێک لە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت رێژەی دەرچوون و نمرەی قوتابیانیان لە تاقیکردنەوەکانی خۆیاندا زۆر و بەرزە، بەڵام رێژەی دەرچوون و نمرەکانیان لە تاقیکردنەوەکانی وەزاری زۆر کەمە.