یوسف کیلابی داوای لێبووردن دەکات: مەبەستم سووکایەتی نەبووە


رووداو دیجیتاڵ 

یوسف کیلابی، پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بەگاڵتەجاڕییەوە باسی پەسندکردنی مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق دەکات، ئەمڕۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی بڵاوکردەوە و داوای لێبووردن دەکات و دەڵێت، مەبەستی سووکایەتی نەبووە.
 
شەوی یەکشەممە 11-6-2023، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە گرتەیەکی نوێدا کە هەریەک لە سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتی لەگەڵیدا دەرکەوتوون داوای لێبووردنی لە قسەکانی لە گرتە ڤیدیۆییەکەی شەوی رابردووی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی کرد.
 
یوسف کیلابی لەوبارەیەوە لە گرتەکەدا دەڵێت: "بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.. بەڕاشکاوی دوێنێ ئێمە بەتەنیا بووین و لەگەڵ هاوڕێیانم گاڵتەمان دەکرد، بابەتەکە بەهیچ شێوەیەک گاڵتەپێنەکردن نەبوو، مەبەستیشمان نەبوو پەیامێک بگەیێنین بە خۆشەویستانمان و گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی خۆشەویست کە لە پێشوو و ئێستا و لەداهاتوودا بەرگریی لە مافەکانی دەکەین، بەتایبەت پاشکەوتی مووچە، خوا شاهێد بێت من رانەهاتووم لەو هەڵوێستانەم پاشگەزببمەوە کە لەسەر هەقم، بەڵام لە من و لە مێژووی منیش ناوەشێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک گەنج بووین و لەنێو خۆماندا گاڵتەمان دەکرد، بابەتەکەش بۆ سوعبەت بوو، چونکە هەر لەراستیدا دوێنێ یارییەکە هەبوو، دوای کۆتاییەکە من هاندەری تیمێکم دەکرد و مستەفا سەنەد پشتیوانی لە تیمێکی دیکەی دەکرد، ئێمە بردمانەوە و ئیدی من و مستەفا هەریەکەمان بەنیازبووین گرتەیەکی ڤیدیۆی بگرین، بەڵام زۆر دەبوو."
 
روونیشیدەکاتەوە، "بۆیە بابەتەکە پەیوەندیی بە یارییەکەی دوێنێ پاڵەوانێتی ئەوروپا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بابەتە بەهەڵە لێکدرایەوە، بەداخیشەوە لە هەندێک لە پەیجەکان کە هەوڵیاندا بیقۆزنەوە لە دژی بەرژەوەندیی هەندێک لە حیزبەکان یان گەلی خۆشەویستمان گەلی کوردستان ئەوا من داوای لێبووردن لە شەقامی ئازیزی کوردی دەکەم، داوای لێبووردن لە برایانمان لە یەکێتی و لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، بە پێچەوانەوە من دوێنێ لێرە رژدبووم و دڵنیابووم لەسەر ئەوەی هیچ ناکۆکییەک روونادات، ئەرکی ئێمەیە هەموو گەلەکەمان لە باشوورەوە بۆ باکوور کۆبکەینەوە، من پێشتر و هێشتا برای بچووکی ئێوەم، داوای لێبوردنتان لێدەکەم و ئومێد دەکەم داوای لێبووردنەکەم قبووڵ بکەن."
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە شەوی رابردوو گرتوویەتی یوسف کیلابی لەناو هۆڵی پەرلەمانەوە و دوای پەسندکردنی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان گوتی، "دوای تۆماکردنی گۆڵی 13 و 14 لەلایەن شێرەکانی هۆڵەکانەوە، ئەو کێشەیەی لەلایەن جەماوەرەکانی یەکێتی یونایتد و پارتی یونایتد روویدا هەوڵماندا نێوەندگیرییان بۆ بکەین و سوپاس بۆ خوا کردمان و پاکتاومانکردن، ئێستا هۆڵەکە چۆڵە و لەدوای پەسندکردنی مادەی 41، دانیشتنەکە هەڵگیرا و بەیانی بودجە تەواو دەکەین و دەیکەینە موژدە بۆ گەلی عێراق و حکومەتەکەمان و بۆ تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکان."
 
یوسف کیلابی، یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەی دارایی، پێشتر ئەندامی فراکسیۆنی نەسری حەیدەر عەبادی بووە، لەدایکبووی ساڵی 1979یە، لە قەزای نەعمانییەی پارێزگای واست لەدایکبووە، لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراق بە سەربەخۆ خۆی بەربژێر کرد و بووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی دەنگی بۆ گۆڕانکارییەکانی شەوی پێنجشەممە 25-5-2023ـی لیژنەی دارایی دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دژایەتیکردنی ماف و دەسەڵاتەکانی خەڵکی کوردستان ناویبرد.