مستەفا کازمی وەزیری وەرزش رادەسپێرێت تەرمی موئەیەد بەدری بگەڕێننەوە عێراق

11-06-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزیری وەرزش و لاوان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی تەرمی موئەیەد بەدری، کۆمێنتاری بەنێوبانگی وەرزشیی عێراق بگەڕێننەوە بۆ بەغدا کە بەیانیی ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆچی دواییکرد، بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە خاکی عێراق بەخاک بسپێردرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییە حكومییەكان، ئەمڕۆ شەممە 11-06-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوان کردووە و دوای گەیاندنی هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە وەرزشییە، رایسپاردووە بۆ ئەوەی تەرمی ناوبراو  بگوزارێتەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمێکی شایستەدا بەخاک بسپێردرێت.
 
لەلایەن خۆیەوە زەیدوون، كوڕی موئەیەد بەدری، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و وەزیری وەرزش و لاوان کرد بۆ ئەو هەڵوێستەیان، ئەوەشی پێ راگەیاندوون کە لەسەر وەسیەتی باوکی، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی هەر لەو شوێنە دەبێت کە تێیدا کۆچیی دوایی کردووە.
 
ئەمڕۆ شەممە 11-06-2022، موئەیەد بەدری، کۆمێنتاری بەنێوبانگی وەرزشیی عێراق لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
موئەیەد بەدری ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ماڵ کەوتووە، نزیکەکانی هەواڵی کۆچی دوایی ئەو کۆمێنتارەیان پشتڕاستکردەوە، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆچی دواییکردووە.
 
بەدری لە 21ـی نۆڤێمبەری 1934 لەدایکبووە، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو وەرزشی عێراق بوو، لە رێگەی پێشکێشکردنی بەرنامە وەرزشییەکان و کۆمێنتارییەکەیەوە نێوبانگێکی زۆر پەیداکردبوو.
 
موئەیەد بەدری قۆناخی ناوەندیی خوێندنی لە ئەعزەمییەی بەغدا خوێندووە، لە 1954 چووەتە کۆلێژی بەغدا و بڕوانامەی لە پەروەردەی وەرزشی پێدراوە، دوای ئەوەش بۆ چەند توێژینەوەیەکی زانستی چووەتە ئەمریکا، دوای ئەوەش بەکالۆریس و ماستەری لە پەروەردەی وەرزشیدا بەدەستهێناوە.
 
کۆمێنتارە وەرزشییەکەی عێراق، یەکەم کەس بووە لە عێراقدا کۆمێنتاری وەرزشی بکات و لە 1993 خانەنشین بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە