دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: بازرگانێکی مادەی هۆشبەر بە هەڵە کوژرا

12-05-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، روونکردنەوە لەبارەی کوژرانی تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای میسان دەدات و دەشڵێت، بە هەڵە کوژراوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کە پێنجشەممە، 11-05-2023 بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، رۆژی 10ی ئایاری 2023، هێزێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای میسان، هەڵیکوتایە سەر ماڵی تۆمەتبارەکە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا بۆ خۆ دەربازکردنی هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی دابوو، بەڵام لەم نێوەندەدا بەهەڵە تەقەکرا و لە ئەنجامدا تۆمەتبارەکە کوژرا. 
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راشیگەیاند، هەر لە ماڵی تۆمەتبارەکە و بەر لە کوژرانیشی، دەست بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەر و چەند بەڵگەنامەیەکدا گیرا کە پەیوەندییان بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە هەبووە. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە هێزەکە لەبارەی رووداوەکەوە دەستبەجێ ئاگاداری سەرووی خۆی کردووەتەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت. تیمێکی تایبەتیش دەستی بەلێکۆڵینەوە کرد و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی فەرمانی راگرتنی بۆ تەواوی ئەندامانی هێزەکە دەرکرد تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان. 
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، "تۆمەتبارە کوژراوەکە چەندین دۆسیەی تاوانی هەبووە کە زۆربەیان پەیوەندییان بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر هەیە. هەروەها خێزانی تۆمەتبارەکەش سکاڵایان لە دژی هێزەکە تۆمارکردووە و دادگەش پەسندی کردووە و لێکۆڵینەوەکانیش بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەکان بەردەوامە". 
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و پەڕە هەواڵییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، هۆشیاربن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و زانیاریی ورد لە سەرچاوە فەرمییەکان وەربگرن و پێش رووداوەکان نەکەون بۆ ئەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری بڵاونەکرێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە