چارەنووسی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان یەکلایی دەکرێنەوە

رووداو - بەغدا

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی راژەی فیدڕاڵیی کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پێشکێشکردنی ناوی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان. 
 
بەختیار حاجی حەمەد، بەرێوەبەری گشتیی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئایار دەچنە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ئەنجوومەنی راژەی فیدڕاڵی، بۆ یەکلاییکردنەوەی لیستی ناوی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچە دابڕێندراوەکانن. 
 
بەختیار حاجی حەمەد گوتی، " ناهێڵین مافی کەسیان بفەوتێت، ناوەکانیان ئامادەکردووە و هەرچەندە پێشتر پێشکێشیان کردوون، بەڵام دووبارە بە دەست دەیدەنە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ئەنجوومەی راژەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر دەرببڕن". 
 
بەرێوەبەری گشتیی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، نووسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی راژی فیدڕاڵیی کردووە تاوەکو ماوەی پێشکێشکردنی ناوەکان درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی مافی هیچ کام لە یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان نەفەوتێت.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، ئەوانەی ئەمساڵ وەکو فەرمانبەری هەمیشەیی حکومەت دادەمەزرێن ژمارەیان 729 هەزار و 608 کەسە، کە پێکدێن لە: لەسەرکارلادراوان، ئەوانەی گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، فەرمانبەرە گرێبەستەکان.
 
ئەوانەی دەبنە فەرمانبەری هەمیشەیی حکومەت بەمشێوەیە بەسەر پلە وەزیفییەکان دابەشبوون:
 
- پلە دە: 218 هەزار و 140 کەس
- پلە نۆ: 36 هەزار و 73 کەس
- پلە هەشت: 122 هەزار و 363 کەس
- پلە حەوت: 279 هەزار و 565 کەس
- پلە شەش: 64 هەزار و 887 کەس
- پلە پێنج: 7 هەزار و 466 کەس
- پلە چوار: 616 کەس
- پلە سێ: 302 کەس
- پلە دوو: 131 کەس
- پلە یەک: 5 کەس
- پلە باڵای بێ: 60 کەس
- پلە باڵای ئەلیف: هیچ
 
دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە بەپێی وەزارەت و دامەزراوەکان:
 
- وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەکانی: 80 هەزار کەس
- هێزە ئەمنییەکان (بەرگری و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان): 172 هەزار کەس 
- وەزارەتی بەرگری، گرێبەست هەڵوەشاوەکانی 2022: 37 هەزار و 588 کەس
- وەزارەتی بەرگری، گرێبەست هەڵوەشاوەکانی 2023: 29 هەزار و 808 کەس
- حەشدی شەعبی: 68 هەزار و 875 کەس
- پێشمەرگە: 20 هەزار و 13 کەس
- لیوای 20ـی پێشمەرگە (گواستنەوە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری): 3 هەزار و 777 کەس 
- دامەزراندنی پۆلیسی شنگال: 1500 کەس
- وەزارەتی پەروەردە: 307 هەزار و 326 کەس
- خوێندنی باڵا : 35 هەزار و 267 کەس
 
ماجدە تمێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "عێراق بەدەست بێکاریی شاراوەوە دەناڵێنێت، لەکاتێکدا عێراق نە وڵاتێکی پیشەسازییە و نە پیشەسازیی گەورەی هەیە، بۆیە ئەمە (دامەزراندنە هەمیشەییانە) لە داهاتوودا زیانی گەورە لە داهاتەکانی دەوڵەت دەدات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتەکانی و زیادکردنی خەرجییەکان".
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، خەرجییەکان زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار دەبن و داهاتەکانیش 134 تریلیۆن دینار، کە رێژەی 87.1٪ـی داهاتی نەوتییە.
 
لە رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراقدا، ژمارەی فەرمانبەران 4 ملیۆن و 96 هەزار و 801 کەسە و بڕی زیاتر لە 59 تریلیۆن و 649 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە کە رێژەی 75٪ـی بودجەی بەکاربردن پێکدەهێنێت.