کاردیناڵ لویس ساکۆ گەڕایەوە بەغدا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای نزیکەی نۆ مانگ لە جێهێشتنی بەغدا، شەوی رابردوو کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق گەڕایەوە بەغدا و لەلایەن راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی هەیە و ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بەغدا بە یەکجاری لە ئارادایە."
 
شەوی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق گەڕایەوە بەغدا، لەلایەن بەشێکی زۆر لە پیاوانی ئایینی و پەتریاریکییەی کلدانەوە پێشوازی لێکرا.
 
خالید جەمال ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بوونی ئەو لە بەغدا بێت یان هەولێر و هەرێمی کوردستان پشتیوانییە بۆ کریستیانەکان، ئێمە پێمانخۆشە لە هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام ناکرێت کورسییەکەی لەبەغدا بێت و خۆشی لێرە بێت، باشترە یان کورسییەکەی بهێنێتەوە هەولێر یان خۆی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا."
 
ئەلبێرت کە رۆژی 9ـی ئەم مانگە لەگەڵ لویس ساکۆ کۆبووەوە، گوتی، "هەستدەکەین کێشەکانی کاردیناڵ لویس ساکۆ، بەرەو چارەسەربوون دەڕوات، هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی و گەڕاندنەوەی مەرسوومی کۆماری هەیە، چاوەڕوانی رۆژانی داهاتووین، چونکە من کە لەگەڵیدا کۆبوومەوە باسی ئەوەی کرد رۆژێک دێت دەگەڕێتەوە بەغدا و مافەکانی بەدەست دەهێنێتەوە."
 
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرانسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە."
 
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا دوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، زۆربەیان کۆچیان کرد.