دادگەى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى 14 سکاڵا لە دژى قەدەخەى خواردنەوە کحولییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، تاوتوێى 14 سکاڵا دەکات کە پێشکێشکى کراوە لە دژى قەدەخەکردنى خواردنەوە کحولییەکان؛ یەکێک لەو سکاڵایانەى تۆمارکراوە، لە دژى یاسایەکە کە 92 ساڵ لەمەوبەر لە عێراق دەرکراوە.
بەگوێرەى خشتەى کارى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، رۆژی چوارشەممە 12ى نیسانى 2023، دادگەکە تاوتوێى 14 سکاڵا دەکات، کە پێشکێشی کراون و تێیدا داواى هەڵوەشاندنەوەى هەردوو یاساى خواردنەوە کحولییەکانى ساڵى 1931 و یاسای داهاتى شارەوانییەکانى ساڵى 2023 دەکەن کە بەهۆیەوە خواردن و بازرگانیکردن بە خواردنەوەى کحولییەکان قەدەخە کراوە.
زۆرینەى سکاڵاکان لەلایەن هاووڵاتییانى کریستیانەوە تۆمارکراون و بەشێکیشیان کۆمپانیاى تایبەت بە بازرگانی بە ماددە کحولییەکانن. سکاڵالێکراوان بریتین لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکى پەرلەمان، سەرۆکوەزیران، وەزیرى ئاودانکردنەوە و شارەوانییەکان و نیشتەجێکردن.
بەگوێرەى یاسای داهاتى شارەوانییەکان کە 22ى شوبات بڵاوکرایەوە هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت، سزاکەشی لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نابێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نابێت.