رووداو دیجیتاڵ
پارەى زۆرە بەڵام قەرز دەکات؛ ئەوە دۆخى عێراقە بەگوێرەى پڕۆژەیاساى بودجە سێ ساڵییەکەى. قەرزکردنەکە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە و پارەدارکردنى پڕۆژەکانى وەبەرهێنانە. هەندێکی کۆنە، بەڵام بەردەوامە؛ هەندێکى دیکەیان قەرزى تازەن.
کۆى ئەو قەرزەى حکومەتى عێراق بەنیازە بەگوێرەى پرۆژەیاساى بودجەى گشتى بیکات، دەگاتە 22 ترلیۆن و 712 ملیار و 936 ملیۆن و 21 هەزار دینار؛ لەو بڕە 12 ترلیۆن و 350 ملیار و 981 ملیۆن و 21 هەزار دینارى قەرزى پێشووە.
400 ملیار دینارى ئەو قەرزەیە کە بانکى بازرگانیى عێراقى تى بى ئاى داویەتییە حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ بڕى نۆ ترلیۆن و 946 ملیار و 755 ملیۆن دیناری قەرزى بیانییە و دەکرێت بۆ پڕۆژەکانى وەبەرهێنان؛ 15 ملیار و 200 ملیۆن دینارى دیکە وەک قەرز لە بانکى بازرگانیى عێراق وەردەگیرێت بۆ پارەدارکردنى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان.
بڕیار رەشید، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "بەدرێژایی مێژووی عێراق، بودجەکان کورتهێنانیان تێدابووە، (بۆ پڕکردنەوەی) کورتهێنانەکەش زۆرجار پەنابراوە بۆ قەرزی دەرەکی، ئەوەش تاڕادەیەک شتێکی ئاساییە، بەتایبەتی ئەوەی کە گرنگە ئەگەر بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان و پرۆژەی ستراتیژی بێت، کە خزمەت بە دەوڵەت و خزمەت بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، ئەمە بابەتێکی زۆر تەندروست و هەنگاوێکی زۆر باشە کە بنرێت، بەڵام ئەوە هەڵەیە ئەگەر رووبدات؛ ئەو قەرزە نێودەوڵەتییانە تەنیا بۆ بودجەی تەشغیلی بن".
قەرزکردنى عێراق بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجەکەى لەکاتێکدایە، یەدەگى بانکى ناوەندیی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 115 ملیار دۆلار کە لە مێژووى عێراقدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.
ئەو قەرزکردنە بووەتە مایەی مشتومڕى گەرمى نێو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، پێش خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساکە.
نەرمین مەعرووف ئەندامى لیژنەکە بە رووداوى گوت، یەکێک لەو پرسیارەى لیژنەکە تێبینى لەسەر هەیە، زۆرىی قەزر و قەرزى نوێیە لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ