ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: دادگەییکردنی رافیع عیساوی کۆتایی نەهاتووە

11-04-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو-هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، سەرباری ئازادکردنی رافیع عیساوی، وەزیری پێشووتری دارایی عێراق بە کەفالەت، ناوبراو لە چەندین کەیسی دیکەدا تۆمەتبارە، بۆیە دادگەییکردنی هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
 
رافیع عیساوی لەسەر بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە لە ناوچەی 'رەسافە'ی بەغدا، دوێنێ یەکشەممە 10-4-2022 بە کەفالەت ئازادکرا.
 
لە روونکردنەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کە ئەمڕۆ دووشەممە 11.4.2022 بڵاویکردەوە، دادوەر عیماد خزەیر جابری، سەرۆکی دادگەی پێداچوونەوە لە ناوچەی 'رەسافە'ی بەغدا رایگەیاند: "چەند دەزگایەکی راگەیاندن زانیاریی نادروست سەبارەت بە کەیسەکانی رافیع عیساوی، تۆمەتباری بەکەفالەت ئازادکراو، بڵاودەکەنەوە."
 
سەرۆکی دادگەی پێداچوونەوە لە رەسافە دەشڵێت: "دادگەی فیدراڵیی پێداچوونەوە، دادگەی پەیوەندیداری راسپاردووە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بەو بڕە پارەیەی کە لە کەیسی رافیع عیساویدا چارەنووسی نادیارە، ئەوە جیا لەوەی کە رافیع عیساوی هێشتا لە چەند کەیسێکی دیکەدا تۆمەتبارە؛ ژمارەیەک لەو کەیسانە لە دادگەی تاوانەکان و دادگەی دیکەدان، ژمارەیەکی دیکەشیان لە دادگەی لێکۆڵینەوەن لە رەسافە".
 
رافیع عیساوی، کەسایەتییەکی نێو بەرەی تەوافوق و دواتر سەرکردەی هاوپەیمانیی عێراقییە، جگە لەوەی وەزیری دارایی بوو، پێش تۆمەتبارکردنی ئەندامی پەرلەمان و دواتر جێگری سەرۆکوەزیران بوو لە سەردەمی دوو کابینەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014.
 
لە ساڵی 2013 رافیع عیساوی بە گەندەڵی و تێوەگلان لە تیرۆر تۆمەتبار کرا، بەڵام ئەو خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان نەکرد؛ دواتر دوای چەندین ساڵ لە مانەوەی لە دەرەوەی عێراق، رافیع عیساوی لە ساڵی 2020  خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد و پرۆسەی دادگەییکردنی دەستیپێکرد.
 
هەر لە 30 مانگی شەشی ساڵی 2020دا، بەهۆی پاشگەزبوونی تاکە گەواهیدەری کەیسەکە لە گوتەکانی، دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی تیرۆر بێبەریبوونی رافیع عیساوی لە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر راگەیاند و بە کەفالەت ئازادکرا، بەڵام پرۆسەی دادگەییکردنی رافیع عیساوی هەر بەردەوام بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە