سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵی سوێندی دەستوورییان خوارد


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵی لە بەردەم د. بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق سوێندی دەستوورییان خوارد. سەرۆککۆماریش دەڵێت، دادگەی باڵای فیدراڵی پارێزەرێکی ئەمینە لە سیستمی دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان. و دەستوور.
 
پەرلەمانى عێراق لە 18ـى ئاداری ساڵی 2021 دا پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی پەسەندکرد، بەوەش دادگەکە جارێکى دیکە دەست بە کارەکانى دەکاتەوە، کە لە کۆتایی ساڵی 2019وە بەهۆى خانەنشینبوونی دوو ئەندامانی پەکیکەوت. رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی د. فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەچوو. 
 
دوێنێ شەممە، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەپێی بڕگەی حەوتەمی ماددەی 73ـی دەستوور، هەروەها هەردوو بڕگەی یەکەم و دووەمی ماددەی 3ـی یاسای هەموارکراوی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە 3ـی ساڵی 2005 ئەم بەرێزانە لە پۆستەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک و دادوەرانی فەرمی و یەدەکی دادگەی باڵای فیدراڵی دامەزرێندران."
 
بەپێی نووسراوی فەرمانە کۆمارییەکە:
 
- دادوەر جاسم محەممەد عەبوود بووە سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی
 
- دادوەر سەمیر عەباس بووە جێگری سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی
 
- دادوەران غالیب عامر شنەین، حەیدەر جابر عەبد، حەیدەر عەلی نووری، خەڵەف ئەحمەد رەجەب، ئەیوب عەباس ساڵح، عەبدولڕەحمان سلێمان عەلی و دیار محەممەد عەلی بوونە ئەندامی فەرمی دادگەکە
 
- هەریەک لە دادوەران عادل عەبدولڕەزاق عەباس، خالد تەها ئەحمەد، مونز ئیبراهیم حوسێن بوونە ئەندامی یەدەکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق
 
دوای کۆتایهاتنی رێوڕەسمەکە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە ئەندامانی دادگەی باڵای فیداڵی رایگەیاندووە، "عێراق هەنگاوێکی گرنگی بڕیوە بۆ تەواوکردنی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە دەستوورییەکانی. دادگەی باڵای فیدراڵی پارێزەرێکی ئەمینە لە سیستمی دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان و زامنکردنی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی دەستوور و چاودێریکردنی یاسا و دەستوور و سیستمی حکومڕانی."
 
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکهێنانی دادگەی باڵای فیدراڵی هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە بە ئاراستەی تەواوکردنی داواکارییە یاسای و دەستوورییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رووە و جێبەجێکردنی داواکارییە نیشتمانییەکان و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵک و پێویستی رەخساندنی زەمینەی لەبار و گونجاو و زامنکردنی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، بەجۆرێک گوزارشت بێت لە خواستی راستەقینەی دەنگدەران، لەپێناو ھێنانەکایەوەی قۆناخێکی نوێ لە رێگەی بونیادنانەوەی پرۆسەی سیاسی و کۆتایی ھێنان بە قەیران و ناکۆکییەکان و زامنکردنی سەقامگیری و ئارامی لە داهاتوودا."