رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی مۆبایل-ی پەسند کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاداری 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لە یەکێک لە بڕگەکاندا رەزامەندی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی مۆبایل، بە بەشداریی وەزارەتی گەیاندن، دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای).
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کۆمپانیاکە راییکردنی مۆڵەتی نیشتمانی بۆ تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم (5G) لە ئەستۆ دەگرێت، بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای ڤۆدافۆنی جیهانی بۆ گەیاندن.
هەر لەوبارەوە، هیسام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، سێ لایەن لە کۆمپانیاکەدا پشکدارن کە بریتین لە وەزارەتی گەیاندن کە کۆمپانیای گشتیی سەلام نوێنەرایەتی دەکات و کۆمپانیای مۆڵەپێدراوە بۆ بەگەڕخستنی نەوەی پێنجەم (5G) و بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای) و دەستەی خانەنشینی نیشتمانی، ئامانج لەمەدا بەهێزکردنی داهاتی سندوقی خانەنشیینان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پاڵپشتیکراوە بۆ خانەنشینان.
وەزیری گەیاندنی عێراق جەختی لەوەکردەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان شەوڕۆژیان خستووەتە سەر یەک بۆ ئامادەکارییەکانی ئەو کارە، هەروەها لەگەڵ لەگەڵ دەستەی گەیاندن و راگەیاندن و کۆمپانیای ڤۆدافۆنی جیهانی، بەگوێرەی یاداشتێک کە واژۆیان کردووە کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ