رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، جارێکی دیکە پەرلەمان نەیتوانی کۆبێتەوە و دانیشتن نەکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11-3-2025، چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم هەفتەیە ئەمە دووەمین جارە وادەی کۆبوونەوە دادەنرێت و ناکرێت، هەفتەی رابردووش بەهەمان شێوە چەند جارێک وادەی دانیشتن دانرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوە نەکرا".
لایەنە شیعەکان لەسەر یاسای دەستەی حەشدی شەعبی ناکۆکن و بەشێکیان بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە، هەروەها بەشێک لە سوننەکان مەرجی هەڵوەشانەوەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەوەرییان داناوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان.
بڕیاربوو رۆژى شەممە 8ـی ئادارى 2025 پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە، بەڵام رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون و کۆبوونەوەکە نەکرا، بەهۆى ئەوەى کە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدى شەعبی نەخرابووە خشتەى کارى کۆبوونەوەکە.
خشتەى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ شەش بڕگە بوو، لەوانە دەنگدان لەسەر هەموارى یاساى وەبەرهێنەرانى پیشەسازى بۆ کەرتى تایبەت و تێکەڵ، لەگەڵ راسپاردەیەک بۆ وەزارەتى پەروەردە بۆ کارکردنەوە بە سیستمى تێپەڕاندن (عبوور) لە قوتابخانەکاندا.
خوێندنەوەى یەکەم بۆ هەردوو پڕۆژەیاسای هەموارى کارى موختارەکان و هەڵوەشاندنەوەى پەیماننامەى هەڵگرتنى ڤیزا لەنێوان عێراق و قوبرس و
خستنەڕووى راپۆرتى لیژنەیەکى کاتیى پەرلەمانە لەبارەى پاراستنى موڵک و ماڵى دەوڵەت، دوو بڕگەی دیکەی دانیشتنەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ