راوێژکارێکی سوودانی: 27 هەزار یەکەی تەندروستی لە قوتابخانەکان دەکەینەوە

11-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە عێراق یەکەی تەندروستی لەنێو قوتابخانەکان دا دروست دەکرێن. راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا 500 یەکەی تەندروستییان کردووەتەوە و ئامانجیان دروستکردنی 27 هەزار یەکەیە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025) عەدنان سەڕاج، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پەروەردە و فێرکردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە ساڵێکە پڕۆژەیەکی گەورەیان بەناوی تەندروستیی قوتابخانەکان دەستپێکردووە، کە بریتییە لە دروستکردنی 27 هەزار یەکەی تەندروستی لە نێو 27 هەزار قوتابخانەدا.
 
عەدنان سەڕاج گوتی: "تائێستا 500 یەکەی تەندروستیمان کردووەتەوە و تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش 2000 یەکەی دیکەش دروست دەکەین، ئەمەش بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی دەبێت بۆ دابینکردنی کارمەندی تەندروستی و ئامێری پێویست."
 
هەروەها د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی گوت، "پڕۆژەکە لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستیدایە، کارمەندانی ئەو یەکانە راهێنراو و خاوەن ئەزموونن."
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی، تاوەکو ئێستا 81 هەزار کارمەندی تەندروستی راهێنراو ئامادەن. د. سەیف بەدر دەڵێت، "کارمەندەکان رۆژانە بەنێو پۆلەکاندا دەگەڕێن و بەردەوام چاودێریی تەندروستیی قوتابیان دەکەن."
 
لەبارەی خزمەتگوزاریی نێو یەکەکان، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "لە رێگەی کارتێکی تایبەتەوە کە بە قوتابیان دەدرێت،  16 جۆر نەخۆشیی لە نێو یەکەکاندا دیاری دەکرێن، دواتر قوتابیی تووشبوو  بۆ چارەسەرکردن رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان دەکرێت."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردەی عێراق، نزیکەی 27 هەزار قوتابخانەی حکومی لە عێراقدا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سوودانی و فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەڵەوڵەتیی دژی داعش

سوودانی: پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە.