سۆران عومەر: دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت، بەڵێن دراوە بەم نزیکانە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 11ـی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە بەڵێن دراوە بەم نزیکانە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری گوتی، "پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، وەک کورد پێویستە لۆبی بۆ بکەین و لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە شیعە و سوننەوە کۆببینەوە تاوەکو رازییان بکەین دەنگ بە پرۆژەیاساکە بدەن."
سەبارەت بەوەی دەنگدان بە پڕۆژەکە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، سۆران عومەر گوتی، "مەرج نییە بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان. موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئێستا بەشێوەیەکی کاتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات و هیچ گرفتێک نییە؛ بۆیە ئەگەر رێککەوتن هەبێت، پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانیش پرۆژەکە دەخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر دەدرێت."
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی 28-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. پێشتر لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان رێککەوتبووین دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان و لە ساڵی نوێ، پرۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە."
24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننە بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگەیەکی نوێ.
ئەیلوولی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرا، بەڵام دووبارە بەهۆی ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان، پرسەکە دواخرا.
مەرجی شیعە بۆ دەنگدان بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، بەپارێزگاکردنی تەلەعفەرە؛ لە هەمان کاتدا سوننەکانیش دەیانەوێت فەللووجە بکەنە پارێزگا.
رۆژی 23-11-2023 موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەلبووسی داوای کرد پرسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخرێت بۆ ئەوەی نەبێتە ریکلام بۆ هیچ لایەنێک و بەڵێندرا دوای هەڵبژاردنەکان، پڕۆژەکە بخرێتەوە دەنگدانەوە."