تۆمارێکی دەنگی حەشدی ئەنبار مشتومڕی لێدەکەوێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر تۆمارێکی دەنگی، سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار میوانداری فەرماندەی حەشدی ئەنبار و فەرماندەکانی ئەو هێزە دەکات. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە، سەعد داوی، فەرماندەی حەشد لە ئەنبار بگۆڕێت. 
 
شێخ عەبدوڵڵا جغیفی، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ شەممە 11-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە تۆمارەکەدا داوا لە چەکدارەکانی حەشدی ئەنبار دەکرێت کە لەگەڵ دۆست و کەسوکاریان بە جلی مەدەنی ئامادەی بۆنەی یادی سەرکردەکانی سەرکەوتن (قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موندیس) بن، ئەگەر نا، رووبەڕووی سزا و دەرکردن دەبنەوە.
 
شێخ عەبدوڵڵا جغیفی دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتە عومەر مەشعان دەبووس، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار نووسراوی کردووە بۆ هەریەک لە سەعد داوی بعێجی، فەرماندەی حەشدی ئەنبار؛ سەلاح فازل مجباس، سەلاح تەها فارس، فەیسەڵ حوسێن فەرحان، فەرماندەی لیواکان و جەعفەر قەیسەر مەعمووری، بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی فەرماندەیی حەشدی ئەنبار کە کاژێر یەکی دوا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 12-01-2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئامادەبن.
 
راوێژکارەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار دەڵێت، محەممەد نووری، پارێزگای ئەنباریش داوای کردووە سبەی کاژێر 9ـی بەیانی فەرماندەی حەشدی ئەنبار لە پارێزگا ئامادەبێت.
 
بعێجی پێیوایە ئەوەی لە ئەنبار ماوەیەکە دەستی پێکراوە، بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بەدووریشی دەزانێت فەرماندەی حەشد سبەی ئامادەبێت. 
 
هەر لەو بارەوە، سەعد غازی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێنماییەکانی حەشدی هۆزەکان سەرپێچی یاسایە و سەرکۆنەی دەکەین".
 
سەعد غازی دەڵێت: "دەستوور جەخت لە جیاکردنەوەی دامەزراوەی ئەمنی لە دامەزراوە سیاسییەکان دەکاتەوە". 
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار باس لەوە دەکات، ئەنجوومەنەکەیان رێکار دەگرێتەبەر و بانگەوازی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش کردووە، داوایکردووە لێکۆلێنەوە لە تۆمارە دەنگییکە بکات.
 
سەعد غازی دەشڵێت، بانگهێشتی فەرماندەی حەشدی ئەنباریان کردووە بۆ پرسیارکردن لەسەر ئەو بابەتە، رێکار لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییە دەگرنەبەر و داوایان لە سوودانیش کردووە، سەعدی داوی بگۆڕدرێت و لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە