لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی کۆدەبێتەوە؛ باسی مووچە و بودجەش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە دۆسیەی نەوت، مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بڕیارە کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی پەرلەمانی عێراق کاژێر 12:00ی ئەمڕۆ شەممە 11-01-2025 بکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، خشتەی بودجە، پرسی پارەی کاش و هەمواری یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو تاوتوێ دەکرێن.
بە گوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی، هەندێک لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لەسەر پرسی پارەی کاش داوایان کردووە عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە ئامادە دەبێت یان نا.
رۆژی 26-11-2024 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵە (2023-2024-2025) کرد.
5ی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسند کرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات.
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.