عێراق: 83 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتیمان بۆ سنوورەکانی سووریا بە بەرزیی 3 مەتر زیادکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، 83 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتییان لە سنوورەکان لەگەڵ سووریا داناوە. گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووریش دەڵێت، جگە لە دیواری کۆنکرێتی، تاوەر و کامێرای چاودێریی پێشکەوتووش دانراون.
 
رۆژی هەینی 10-01-2025 عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی گوت، "هێزەکانی سنوور توانییان نزیکەی 83 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتی بۆ سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا زیاد بکەن، ئەو کارەش بە ماوەیەکی کورت و تێچوویەکی کەم کرا."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "ئێستا لە کۆی 615 کیلۆمەتری سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا؛ زیاتر لە 480 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتیی تێدا دانراوە، کە هەر دیوارێکیش 3 مەتر بەرزە، ئەمەش وادەکات ئەو سنوورانە تووندوتۆڵتر بن."
 
هەر ئەمڕۆ عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی گوت، "بە درێژایی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بۆ هەر کیلۆمەترێک تاوەرێک بە چەند کامێرایەکی چاودێریی پێشکەوتووەوە دانراوە، کە بەگوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچە سنوورییەکان، رووبەری نێوان هەردوو کامێرایەک بە سێ بۆ 20 کیلۆمەتر دیاریکراوە."
 
عێراق لە رێگەی هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبارەوە 615 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریادا هەیە.