رووداو دیجیتاڵ
چەند خێزانێکی کورد کە لەدوای ساڵی2003 لە ئاوارەیی گەڕانەوە، بەهۆی وەرنەگرتنی قەرەبووی ماڵوێرانیان، بەناچاری لەو خانووانەی کەرکووک نیشتەجێن کە پێشتر دار و دەستەی بەعسی تێدابوون و زەوییەکەی موڵکی وەزارەتی دارایی و خانووەکان بوڵکی وەزارەتی نەوتن. ئێستا کۆمپانیایەکی نەوت سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون و داوا دەکات ماڵیان پێ چۆڵبکرێت.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، مەلا ساڵح و مام سەباحن؛ خەریکن بۆ رێگەچارەیەک بۆ ئەو بارودۆخەی تێیکەوتوون، دەگەڕێن. هەردووکیان و زیاتر لە 250 ماڵی کورد لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک بڕیاری دادگایی کردنیان بۆ دەرچووە.
لە نوسراوەکەدا، ئەوان وەکو تۆمەتباری هەڵهاتوو لە قەڵەم دراون؛ کۆمپانیای نەوتی باکوور سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون و داوای کردووە لە خانووەکانیان دەربکرێن.
سەباح قادر، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووکە و دەڵێت، "دوای 2003 هاتینەوە، گوتمان ئاسوودە دەبین، کەچی ئێمە بە تاوانبار دەدەنە قەڵەم، چارەیەکمان بۆبکەن."
ساڵح ئیسماعیل، "دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی عەرەفەیە و دەڵێت، "لە 1963 بەدواوە من راکە راکەمە بەدەست حکومەتی بەعسەوە، ئێستا هاتوون تۆمەتبارمان دەکەن."
بەهۆی ئەو تۆمەتانەی لەلایەن کۆمپانیای نەوت دراونەتە پاڵیان، ئێستا هەموو مامەڵەیەکی رۆژانەی ئەم خەڵکە راگیراوە.
بڕیاری قەدەخەی گەشت و چوونە فەرمانگە حکومیەکانیان بۆ دەرچووە و کارتی بانکی و ئەلیکترۆنییان راگیراوە و هەژماری بانکییان بلۆککراوە. هاوکات، ئاگادارکراونەتەوە کە دادگە حوکمیان لەسەر دەدات گەر لە ماوەیەکی دیاریکراو لەو خانووانە دەرنەچن کە کۆمپانیای نەوت بە موڵکی خۆی دەزانێ.
فەرهاد بایز، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفەیە و باس لەوە دەکات، "نزیکەی پێنج شەش مانگێکە بابەتەکەیان لەسەرمان گەورە کردووەتەوە، گەشتمان لەسەر قەدەخە کراوە، دەبێ سەرکردەکانمان بێنە سەر هێڵ، ناکرێ هەر رۆژێک و یەخەی گەڕەکێک دەگرن."
بیلال حەمەشەریف، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "مادەی حوکممان بۆدەرچووە، بە تۆمەتباری هەڵهاتوو دراومەتە قەڵەم، لەبەسرەوە تا کەرکووک خەڵک لە خانووی حکومەتن، کەس دەنگیان ناکا، ئەوەی ئێمە سیاسییە لەبەر ئەوەی کوردین."
لەسەر ئەو کێشەیە، دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمان لەگەڵ وەزیری نەوت کۆبووەوە؛ بەنوسراو داوای چارەسەری کردووە، وەزیر رەزامەندی داوە بەشی یاسایی وەزارەتەکەی رێگاچارەیەک بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە.
دیلان غەفور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "کارێکی وامان کردووە گەر بتوانین خانووەکان تاپۆ بکرێن یا بکرێتە کرێ، بەخۆشحاڵییەوە بەڕێز وەزیری نەوت وەڵامەکەی باشە و ئاماژەکەی پۆزەتیڤە، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی نەوت کۆبووینەوە، تا بتوانین رێگەچارەیەکی یاسایی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزینەوە."
لە زۆربەی پارێزگاکان حکومەت خانوو و موڵکی لەو جۆرەی بەکرێ یان فرۆشتن داوەتە ئەو خەڵکەی تێیدا نیشتەجێن، بەڵام لە کەرکووک خەڵکی داوا دەکەن هەمان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ، کەچی کۆمپانیای نەوت پێداگرن لە دەرکردنی ئەو 250 ماڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ