گردبوونەوەیەکی سیاسیی عێراقی: دادگەی فیدراڵی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی هێزەکانی ئەمریکاوە بدات

11-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لایەنێکی سیاسیی عێراق داوا لە سەرۆکوەزیران و پەرلەمانی عێراق دەکات داوای روونکردنەوە لە دادگەی باڵای فیدڕاڵی بکەن لەبارەی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا و دەڵێت" لە کاتێکدا کراوە کە حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی حکومەتی کاربەڕێکەر بووە و ناتوانێت لەو جۆرە رێککەوتننامانە واژۆ بکات."
 
رۆژی پێنجشەممە،11-1-2024، سائیر ناسر مەرمزی، سەرۆکی گردبوونەوەی نەخشەرێگەی چارەسەری نیشتمانی کە گردبوونەوەیەکی سیاسیی عێراقیە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین داوای روونکردنەوە لە دادگەی باڵای فیدراڵی بکەن بۆ ئەوەی روونکردنەوەی لەسەر رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا هەبێت، چونکە ئەو رێککەوتننامەیە لە 24ـی حوزەیرانی 2014 ژمارەیەک بڕگەی بۆ زیادکرا دوای ئەوەی لەسەر داوای نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزەکانی ئەمریکا هاتنەوە بۆ عێراق بۆ دژایەتیکردنی داعش، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو کات کاربەڕێکەر بوو و ناتوانێت ئەو جۆرە بانگهێشت و داواکارییە بکات."
 
روونیشیکردەوە" دەبێت دادگەی فیدراڵی قسەی خۆی لەبارەی ئەو بابەتەوە بکات، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانتاران ئەو کارە نەکەن، ئەوا ئێمە ئەو کارە دەکەین و داوایەک دەدەینە دادگەی فیدراڵی بۆ ئەوی هەڵوێستی روونبکاتەوە، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی زیادکردنی بڕگەی ئاوای نییە کە هێزی بیانی بهێنێتە نێو وڵات و بمێننەوە."
 
سەرۆکی گردبوونەوەی نەخشەرێگەی چارەسەری نیشتمانی ئەوەشی گوت، "ئێستا دەبێت دادگەی فیدراڵی بوونی ئەمریکییەکان روونبکاتەوە و بڕیاری یەکلاییکەرەوەیان لەبارەوە بدات." 
 
دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 و شەڕی غەززە، لەلایەن گرووپێکی چەکداری شیعە بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق زیاتر لە 120 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئێستا جوڵەیەکی پەرلەمانیش هەیە بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە داعش کە لە ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتنەوە بۆ عێراق، دەربکرێن، 70 پەرلەمانتاریش کۆکراونەتەوە.
 
رۆژی 9-1-2019، هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی؛ نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بە هێنانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، "لە 24-6-2014 ئەو هێزانە هێنرانەوە."
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا، دوو رێککەوتنیان واژۆکرد. یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" بوو. رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. 
دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیشی بۆ دیاری نەکراوە.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت