رکابەریی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەنێوان سێ بەربژێر تووند دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی، کە پارتێکی سوننەکانی عێراقە رایگەیاند، لە کۆی نزیکەی 10 بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رکابەرایەتیی بەهێز لەنێوان سێ بەربرژێر ماوەتەوە. دەشڵێت، "سوننە، کورد و شیعە لە پشتیوانیکردنی هەریەک لەو بەربژێرانە دابەش بوون."
 
پێنجشەممە، 11-1-2024، محەممەد خالیدی، ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی، کە پارتێکی سوننەکانی عێراقە، لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە، 13ـی کانوونی دووەم تایبەت بە هەڵبژاردنی جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا ژمارەی بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کەمتربوونەتەوە، بەڵام رکابەرایەتییەکان تووندتر بوون، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ سازانێکی سوننەکان لەسەر یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە نییە."
 
روونیشیکردەوە، سێ بەربژێری سوننە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەن، بەڵام هیچیان لەلایەن سوننە، شیعە و کوردیشەوە کۆدەنگی تەواویان لەسەر نییە، چونکە لەنێو هەرسێ ماڵەکە ناکۆکی و دابەشبوون بەسەر بەربژێرەکاندا هەیە.
 
بەپێی ئەو سەرکردە سوننەیە، بەربژیرەکان بۆ جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە، بریتین لە شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سالم عیساوی، بەرپرسی هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێر لەلایەن هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەدیاریکراویش لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانەکانی.
 
ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە کۆبوونەوەی هێزە سوننەکان و لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و کوردیش لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەردەوامە، بەڵام "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە نییە و ئەگەری زۆرە پەرلەمانی عێراق بە دەنگدان بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە، دەشبێت ئەو بابەتە رۆژی شەممە، 13ـی کانوونی دووەم یەکلایی ببێتەوە، چونکە کات نەماوە."
 
ئەمانەی خوارەوە سێ بەربژێرە دیارەکەن کە بڕیارە پەرلەمانی عێراق یەکێکیان بکاتە سەرۆک: 
 
سالم عیساوی
 
- سالم مەتەر عەبد حەسەن عیساوی
- لەدایکبووی 1972 لە عێراق
- بەکالۆریۆس لە کۆلێژی مەعاریفی ئیسلامی لە ساڵی 2014 
- 2010 تاوەکو 2014 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بووە
- لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق (2014-2018) ئەندامی پەرلەمان بووە
- ئێستاش ئەندامی پەرلەمانە
- پێشتر لە بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بووە بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەگ
 
مەحموود مەشهەدانی
 
- مەحموود داود سەلمان مووسا مەشهەدانی
- لە ساڵی 1948 لە بەغدا لەدایکبووە
- لە ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواوکردووە
- لە سوپای عێراق وەکو پزیشک کاریکردووە
- لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە
- دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە
- لە ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە
- لە ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی بووە
- یەکەم سەرۆکی پەرلەمان بوو دوای رووخانی بەعس
- دامەزرێنەری بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بووە لە ساڵی 2004
- لە 17ـی کانوونی یەکەمی 2008 دەستی لەکار کێشایەوە و 23ـی کانوونی یەکەم پەسندکرا
 
شەعلان کەریم
 
- شەعلان عەبدولجەبار عەلی کەریم
- لەدایکبووی 1967ـی ناحیەی دیجلەی قەزای سامەڕایە
- سیاسەتمەدار و سەرۆکی هۆزی ئەلبوعیسایە
- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی پەرلەمانە
- سەرۆکی پارتی تەقەدوومە لە پارێزگای سەڵاحەدین
- بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکانی کۆلێژی ئیمامی ئەعزەم لە ساڵی 1999 بەدەستهێناوە
- ساڵی 2003 بووەتە بەڕێوەبەری ناحیەی دیجلە و قایمقامی سامەڕاش بە وەکالەت
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2024، پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو 13ـی کانوونی دووەمی بۆ کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد، کۆبوونەوەکە بڕیارە کاژێر 15:00 دەستپێبکات.
 
عەلی بەیاتی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی مەدار و جووڵانەوەی عێراقی نیشتمانی کە بە گوتەی خۆی نزیکەی 10 پەرلەمانتاریان هەیە، رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قۆناخی داهاتوو پێویستی بە گۆڕانکارییە، ئەوەش بە کەسێک دەکرێت کە لە شوێنی گونجاو بێت، ئێمە پێمانوایە سالم عیساوی پیاوی ئەم قۆناخەیە و دەتوانێت پەرلەمان بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەڕێوەببات و پشتیوانی دەکەین." 
 
بەپێی دەستووری عێراق و پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی هەستیارییانەوە، نابێت کورسیی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ بەتاڵ بێت، مادەی 55ـی دەستووری عێراق و بەپێی بڕگەی سێ لە مادەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، باس لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەکەن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەدوای بەتاڵبوونی ئەو پۆستانە.
 
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتارە، واتە زۆرینەی رەها، ئەوە ژمارەیەکی زۆر قورس نییە، بەتایبەت بۆ لایەنە رکابەرەکانی سوننە.