هاوپەیمانی عەزم: مەحموود مەشهەدانی بەربژێرمانە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانی عەزم، یەکیک لە هاوپەیمانێتییەکانی سوننەکان کە موسەننا سامەڕایی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆی هاوپەیمانێتییەکەیاندا مەحموود مەشهەدانی بە بەربژێری ئەوان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرسیش لەو هاوپەیمانێتییە دەڵێت، هەوڵدەدەن لەگەڵ لایەنەکانی ناوەوە و دەرەوەی پێکهاتەی سوننە پشتگیری بۆ بەربژێرەکەیان کۆبکەنەوە.
 
شەوی پێنجشەممە، 11-1-2024، هاوپەیمانی عەزم یەکێک لە هاوپەیمانێتییەکانی سوننەکان کە موسەنا سامەڕایی سەرۆکایەتی دەکات، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد" هاوپەیمانێتی عەزم ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوەی بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە و ئەندامانی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی کرد بۆ باسکردنی ئەو ئامادەکارییانەی بۆ کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێن".
 
هەروەها روونیکردەوە، "باسی ئەو لێکتێگەیشتن و جووڵە سیاسییانە کرا بۆ پشتیوانیکردنی بەربژێرەکەمان بۆ سەرۆکی پەرلەمان کە مەحموود مەشهەدانییە".
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاوپەیمانی عەزم، شەوی پێنجشەممە، لەبارەی بوونی کۆدەنگی لەسەر بەربژێرەکەیان بە رووداوی گوت، "هەوڵدەدەین لە نێو پێکهاتەی سوننە و لە دەرەوەشیدا کۆدەنگی دروست بکەین، چونکە لەلایەک مەحموود مەشهەدانی پیاوێکی نیشتیمانپەروەرە، لەلایەکی دیکەشەوە لە لایەنەکانی دەرەوەی سوننەکانیش قبووڵکراوە و دەنگی زۆری هەیە".
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارتی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی، سەرۆی پێشووی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات، شەعلان کەریمی بە بەربژێری ئەوان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد.
 
بەپێی دەستووری عێراق و پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی هەستیارییانەوە، نابێت کورسیی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ بەتاڵ بێت، مادەی 55ـی دەستووری عێراق و بەپێی بڕگەی 3 لە مادەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، باس لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەکەن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەدوای بەتاڵبوونی ئەو پۆستانە.
 
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتارە، واتە زۆرینەی رەها، ئەوە ژمارەیەکی زۆر قورس نییە، بەتایبەت بۆ لایەنە رکابەرەکانی سوننە.
 
ئێستا لەنێو سوننەکان سێ بەربژێر بۆ  جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەن کە رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە.
 
سێ بەربژێرەکە بریتین لە شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سالم عیساوی، بەرپرسی هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێر لەلایەن هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەدیاریکراویش لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانەکانی.