شەعلان کەریم بەربژێری پارتی تەقەدوومە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

11-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پەرلەمان لە پارتی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا پەرلەمانتار شەعلان کەریم-یان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێرکردووە. دەشڵێت، "پۆستەکە بەرکەوتەی ئەوانە کە گەورەترین فراکسیۆنی سوننەیە و 44 کورسیی پەرلەمانیان هەیە."
 
شەوی پێنجەشەممە، 11-1-2024، یەحیا محەممەدی، پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی تەقەدووم کە تایبەت بوو بە دیاریکردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرمان، بڕیاردرا شەعلان کەریم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە بەربژێر بکرێت."
 
دەشڵێت: "پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەرکەوتەی پارتی تەقەدوومە کە گەورەترین فراکسیۆنی سوننەیە و زۆرترین پەرلەمانتاری هەیە کە 44 پەرلەمانتارە و هەموو واژۆکانمان کۆ کردووەتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2024، پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو 13ـی کانوونی دووەمی بۆ کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد، کۆبوونەوەکە بڕیارە کاژێر 15:00 دەستپێبکات.
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات یەکێکە لەو سێ بەربژێرانەی رکابەرایەتی لەسەر ئەو پۆستە دەکەن، ئەمەی خوارەوە ژیاننامەی ئەو پەرلەمانتارەیە:
 
شەعلان کەریم کێیە؟
 
- ناوی تەواوی: شەعلان عەبدولجەبار عەلی کەریم
- لەدایکبووی 1967ـی ناحیەی دیجلەی قەزای سامەڕایە
- سیاسەتمەدار و سەرۆکی هۆزی ئەلبوعیسایە
- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەریی پەرلەمانە
- سەرۆکی پارتی تەقەدوومە لە پارێزگای سەڵاحەدین
- بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکانی کۆلێژی ئیمامی ئەعزەم لە ساڵی 1999 بەدەستهێناوە
- ساڵی 2003 بووەتە بەڕێوەبەری ناحیەی دیجلە و قایمقامی سامەڕاش بە وەکالەت
 
بەپێی دەستووری عێراق و پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی هەستیارییانەوە، نابێت کورسیی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ بەتاڵ بێت، مادەی 55ـی دەستووری عێراق و بەپێی بڕگەی سێ لە مادەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، باس لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەکەن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەدوای بەتاڵبوونی ئەو پۆستانە.
 
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتارانە، واتە زۆرینەی رەها، ئەوە ژمارەیەکی زۆر قورس نییە، بەتایبەت بۆ لایەنە رکابەرەکانی سوننە.
 
ئێستا لەنێو سونەکان سێ بەربژێر بۆ  جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەیە کە رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە، بریتین لە شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سالم عیساوی، بەرپرسی هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێر لەلایەن هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەدیاریکراویش لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانەکانی.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت