خوێندنی باڵای عێراق ناوی 625 وەرگیراو بۆ خوێندن لە چین بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ناوی 625 کەسی بڵاوکردەوە لەوانەی کە بۆ خوێندن لە وڵاتی چین بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا وەرگیران.
 
خوێندنی باڵای عێراق داوا لە وەرگیراوەکان دەکات، بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵیاندا رۆژانی دووشەممە تاوەکو چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو لە فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی وەزارەتەکە ئامادەبن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، ئەنجامەکانی وەرگرتنی بۆ زەمالەی خوێندن لە وڵاتی چین راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکان، 625 کەس بۆ خوێندنی ساڵی 2024-2025 وەرگیراون و 42 کەسیش دوورخراونەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەو 42 کەسەی دوورخراونەتەوە لە بەرامبەر ناوەکانیان هۆکاری دوورخستنەوەیان بۆ "پشکی هەرێمی کوردستان" گەڕێندراوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد، بەشێک لە وەرگیراوان لە هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشیان کردووە.
 
ئەوانەی لە زەمالەی خوێندن لە وڵاتی چین وەرگیراوان، بەمشێوەیەیە:
- بەکالۆریۆس: 82 کەس 
- ماستەر: 314 کەس
- دکتۆرا: 229 کەس 
- دوورخراوان: 42 کەس
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق داوای لەو کەسانە کردووە کە ناوەکانیان لە لیستی وەرگیراواندا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم ئامادەبن بۆ چاوپێکەوتن بەشێوەیەک ئەوانەی بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس وەرگیراون رۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2024 ئامادەبن. ئەوانەی بۆ خوێندنی ماستەر وەرگیراون رۆژی سێشەممە، 16ـی کانووی دووەمی 2024 ئامادەبن. ئەوانەشی بۆ خوێندنی دکتۆرا وەرگیراون رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانووی دووەمی 2024 ئامادەبن و هەموویان لە باڵەخانەی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی وەزارەتەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

کلیک لێرە بکە بۆ بینینی ناوی وەرگیراوەکان