دادگەی فیدراڵی رێگە دەدات پەرلەمانی عێراق هاوڕەگەزخوازی بە تاوان بناسێنێت

11-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاریدا پەرلەمانی عێراق تاوتوێی رەشنووسی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی کاری لەشفرۆشی بکات، کە تێیدا هاوڕەگەزخوازی و لادانی سێکسی بە تاوان دەناسێنێت. ئەمەش دوای ئەوەی پرۆژەی هەموارەکە لەلایەن سەرۆکی پێشووەی پەرلەمانەوە، لە پەرلەمان کشێندرابووەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی بە نادروست زانینی کشانەوەی هەموارکردنەوەی یاسای بەرنگاربوونەوەی لەشفرۆشی، کە تێیدا هاوڕەگەزخوازی و لادانی سێکسی بە تاوان دەناسێنێت، گرنگە و سەرەتایەکە بۆ تەواوکردنی کارەکانی هەموارکردنەوەی یاساکە."
 
رۆژی سێشەممە، 9-1-2024، دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاریدا ئەو رێکارانەی لەلایەن محەممەد حەلبووسی، لە رۆژی 10-9-2023 گیراوەتەبەر، کە تێیدا رەشنووسی پێشنیازکراو بۆ هەمواری یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشیی ژمارە 8ـی ساڵی 1988 کشاندبووەوە بە نادروست بزانێت، ئەو بڕیارەی دادگەش لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە پێشکێشکرابوو.
 
رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، گوتی، "بڕیارەکەی دادگە رێگە لەوە دەگرێت کە دەستەی سەرۆکایەتی مافی پەرلەمانتاران زەوت بکەن و مافی پێشنیازکردنی پێشنیازەیاسا لاببەن، بۆیە لەبەر ئەوەی بە تاوانناساندنی بابەتی لادانی سێکسی و هاوڕەگەزخوازی رووبەڕووی دژ یەکیی نێوخۆیی و نیگەرانی و دژایەتیی دەرەکیش لەلایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژئاوا دەبێتەوە، بۆیە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی هەڵوێستی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تەواوکردنی ئەو یاسایە بەهێزتر دەکات و دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی جارێکی دیکە ئەو هەموارە بخاتە بەرنامەی کارەوە، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و پەسند بکرێت، گوێ بەهیچ ناڕەزایەتییەکی دەرەکیش نادەین، چونکە ئەوە کاروباری نێوخۆی عێراقە." 
 
رۆژی 17ـی تەمموزى 2023، فراکیسیۆنى دەوڵەتى یاسا لە پەرلەمانى عێراق کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتیی دەکات، پڕۆژەیاسایەکى پێشکێشی پەرلەمان کرد بۆ بە تاوانناساندنى هاوڕگەزخوازى.
 
رۆژی 15ـی ئابى 2023، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەموارى یاساى قەدەخەکردنی لەشفرۆشى کرد، کە لە ساڵى 1988 دەرکراوە، کە بە گوێرەى هەموارەکە ناوى یاساکە دەگۆڕدرێت و "لادانى سێکسی" بۆ زیاد دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ هاوڕەگەزخوازى و پێناسەى ئەو دەستەواژەیە لە یاساکەدا کراوە.
 
لە بەشێکى دیکەى هەموارەکەدا پێشتر لەو یاسایەدا نەبووە، ئاماژە بەوە دراوە، هەر کەسێک بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازى بکات سزاکەى بەندکردنە کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوە جگە لە سزاى پێبژاردن، کە بڕەکەى لە نێوان 10 بۆ 25 ملیۆن دینارە، هەر کەسێک رەگەزى خۆى بگۆڕێت لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزادەدرێت و ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەرییەکەشی بۆ کردووە هەمان سزا دەدەرێت، بەڵام ئەگەر ئەو نەشتەرگەرییە بۆ چارەسەکردنى شێواوى جەستەیى زکماکى بێت و پێویستى بە نەشتەرگەرى بێت، سزاکە نایگرێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت