مەسرور بارزانی و محەممەد حەلبووسی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "بارودۆخی گشتی و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-01-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، محەممەد حەلبووسی باسی لەوە کردووە کە "ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. 

 

 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تایبەت جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی "پەیوەندیدار بە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 و پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ" کردووەتەوە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵ و جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال کردەوە."