هاوپەیمانیی 'هیوای کوردستانی' لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی "هیوای کوردستانی" لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندرا، کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتوون.
هاوپەیمانییەکە ئەمڕۆ دووشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلاری پەرلەمانی عێراق راگەیێندرا. د. رێبوار کەریم، ئەندامی هاوپەیمانیی "هیوای کوردستانی" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرووپی 15 لە پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی راگەیاند، کە ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە راستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕیەکانی رابردوو و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری و برسیکردنی خەڵکی کوردستان، هەروەها بەرگریکردن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە".
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی "هیوای کوردستانی" ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییە بریتین لە پەرلەمانتاران "رێبوار کەریم، عەبدولباری مەجید، ئەحمەد حمە رەشید، سەلیم هەمزە، یوسف محەممەد، بەهار مەحموود، کاوە محەممەد، هۆشیار عەبدوڵڵا، غالب محەممەد، جەمال کۆچەر، موسەننا ئەمین، سەرکەوت شەمسەدین، رابوون مەعروف، سروە ونس و یوسرا رەجەب".
بەپێی راگەیێندراوێکيش، هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی جەختدەکاتەوە لەسەر "رەتکردنەوەی هەموو دەمارگیرییەکی حیزبی و ئایدۆلۆژی و تائیفی، پێداگیری لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوون و دەستکەوتەکانی کوردستان".
هاوپەیمانییەکە داوادەکەن "هاوپەیمانیی چاکەخوازان دژی هاوپەیمانیی گەندەڵکاران بێتە کایەوە، کە وڵاتی بەو دۆخە مەترسیدارە گەیاندووە. تێدەکۆشین بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی تەندروست و پتەو لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەستەبەری مافەکانی گەلەکەمان بکات لەسەر بنەمای پاک و شەفافییەت و دەستوور و بەرپرسیاریەتی هاوبەش".
ئەو هاوپەیمانییە وەکو خۆیان دەڵێن، "کار بۆ گەڕاندنەوەی هیوا دەکەین. دووژمنایەتیمان لەگەڵ هیچ حیزب و پرۆژەیەک نییە، بەڵام سەرسەختانە بەرەنگاری گەندەڵی و چاوبەستەکی سیاسی و پێشلکاریی دەستووریی و شێواندنی حکومی رەشیدین لە هەر لایەنێک بێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنی سیاسی".