رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای قائیم دەڵێت: ئەو عێراقییانەی لە سووریا گیریان خواردووە؛ دوای دڵنیابوونەوە لە بەڵگەنامە فەرمییەکانیان دەتوانن لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە بگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، تورکی محەممەد خەڵەف، قایمقامی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە رێگە دەدرێت هاووڵاتییانی عێراقی خاکی سووریا و سووریاییەکانی نێو خاکی عێراق لە دەروازەی سنووریی قائیمەوە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان".
تورکی محەممەد خەڵەف دەڵێت، "ئەو عێراقییانەی لە سووریا گیریان خواردووە دەتوانن بێنە دەروازەکە و لەوێوە بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەنێردرێتە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ دڵنیابوونەوە لێیان و دواتر دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ عێراق، ئەو کارەش کەمتر لە کاژێرێک دەخایێنێت، بۆ پەنابەرە سووریاییەکانی نێو عێراقیش کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەهەمان شێوەیە".
قایمقامی قەزای قائیم باسی لەوەش کرد، "ژمارەیەکی زۆر عێراقی هەن کە لە سووریا گیریانخواردووە، بۆیە ئێمە هەموو ئاسانکارییەک دەکەین کە پڕۆسەی هاتن و چوون لە دەروازەی قائیمەوە بە ئاسانی و بێ کێشە بکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، دواى 53 ساڵ حوکمڕانى، رۆژی 8ـی ئەم مانگە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا کۆتاییهات و بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی وڵاتەکەیان جێهێشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ