بزووتنەوەی نوجەبا بۆ ئەمریکا: دەبێت بە زمانی هێز قسەتان لەگەڵ بکەین

10-12-2021
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رابەری رەوتی سەدر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "پێویستە جەخت لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت بکەن، لەگەڵ کارکردن بە جیددی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا لەدەستدەرچووەکان، کە چەک خراپ بەکاردەهێنن، بە بیانووی بەرگریکردن و بیانووی دیکە". لەوبارەوە بزووتنەوەی نوجەباش دەڵێت، "چەکی بەرهەڵستکاری دەبێت لە چوارچێوەیەکی رێکخراو بێت و نابێت لوولەی چەکەکان رووی لە عێراقییەکان بێت" و دەبێت دژی "هێزە داگیرکەرەکان" بەکاربێت.
 
د. حەیدەر ئەللامی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و تەواوبوونی ئەو وادەیەی دیارییان کردووە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە هەر قسەیەک کە دەکرێت لەبارەی کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق راست نییە، ئەوان دەڵێن بوونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ راوێژ و راهێنانە، بەرپرسانی عێراقیش ئەو قسانە دەکەن".
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا بۆچوونی وایە کە "دوای گفتوگۆکان ناوی ئەو هێزانە لە شەڕکەرەوە بۆ راهێنەر گۆڕا، ئەمەش تەنیا قسەیە و راست نییە، بەپێی رێککەوتنی ستراتیژیش رێگە بە ئەمریکا نادرێت بنکە لە عێراق دابنێت و کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق بکات، بۆیەش گرووپەکانی بەرهەڵستکاری دژی مانەوەی ئەو هێزانەن و شەرعیەتیشیان هەیە بۆ لێدانی ئەمریکا لەنێو خاکی عێراق، چونکە راهێنانی هێزە عێراقییەکان پاساوە و بە کەم تەماشاکردنی هێزە عێراقییەکانە، تەنانەت هەندێک لە عێراقییەکان دەتوانن راهێنان بە ئەمریکاش بکەن".
 
د. حەیدەر ئەللامی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە پێویستمان بە هیچ هێزێک نییە، راوێژکار، راهێنەر و شەڕکەریش بێت، کاتێک حکومەتی عێراق نەتوانێت ئاسمانی عێراق بپارێزێت، خەڵکی عێراق هەڵوێستی دەبێت، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق دەیەوێت پاساوێک بدۆزێتەوە بۆئەوەی شەرعیەت بداتە مانەوەی ئەو هێزانە".
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش و دووبارە سەرهەڵدانەوەی، ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت، "داعش کۆتاییهاتووە و بووەتە رابردوو، شەڕی داعش تەنیا پاساوە، ئەمریکا دەیگوت تاوەکو 30 ساڵ کۆتایی بە داعش نایەت، کەچی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە توانییان بە کەمتر لە سێ ساڵ کۆتایی بە داعش بهێنن، کە یەک لەسەر سێی عێراقی داگیرکردبوو".
 
تایبەت بە پەیوەندییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بە ئێرانەوە د. حەیدەر ئەللامی دەڵێت، "گرووپە بەرهەڵستکارەکان عێراقین و ئێرانی نین، ئەمریکا خاکی عێراقی داگیرکردووە، راستە ئێمە بووین داوامان کرد ئەو رژێمەی پێشوو بڕووخێت، بەڵام عێراق داگیرکراوە، خۆ ئەمریکا خاکی ئێرانی داگیر نەکردووە، ئێمە بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین، لەسەر بنەمای یاسا و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رێگە دەدرێت بەرامبەر داگیرکەران شەڕ بکەین، راستە لەڕووی بیروباوەڕی ئاینییەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە هیچ پەیوەندیمان نییە، ئەمە تەنیا پاساوە و بۆ گوشارخستنە سەر عێراقە، هەر لە دانانی ئەو گرووپانە لە لیستی تیرۆر تاوەکو دەگاتە سزای ئابووری، چونکە ئەو گرووپانە زیان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدەن".
 
دەربارەی داواکاریی موقتەدا سەدر بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپەکان بە دەوڵەت، ئەللامی گوتی، "ئێمە رێز لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەگرین، هەر سەرکردەیەکی سیاسیی ئەمنی قسە بکات رێزی دەگرین، ئێمە لەگەڵ سەقامگیریی عێراقین، بەڵام ناکرێت وڵات داگیرکرابێت و تۆ چەک دابنێی، چەکی بەرهەڵستکاری دەبێت لە چوارچێوەیەکی رێکخراو بێت و نابێت لوولەی چەکەکان رووی لە عێراقییەکان بێت و دەبێت دژی داگیرکاری ئەمریکا و هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا بەکاربێت".
 
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی نوجەبا پێیوایە ئەو چەکەی لە دەست ئەواندایە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنێتەوە، دەشڵێت، "مۆڵەتێکمان داوەتە ئەمریکا، کاتێک داوامان لێکرا مۆڵەت بدەینە هێزەکانی ئەمریکا هەڵوێستێکی جوانمان هەبوو، مۆڵەتمان دایە ئەمریکا، بەڵام پێدەچێت هێزەکانی ئەمریکا لە زمانی سیاسی و دیپلۆماسی تێنەگەن و تەنیا لە زمانی هێز تێبگەن، ئێستا ئەمریکا لە عێراق باڵیۆزخانەیەکی گەورەی هەیە و هەموو جۆرە چەکێکی تێدایە و هێزی شەڕکەری تێدایە، ئایا لە ئەمریکا باڵیۆزخانەی عێراق هەمان شتە؟"
 
لەبارەی هەڵوێستی ئەو گرووپانە لەسەر بۆردوومانکردنی هەولێر، د. حەیدەر ئەللامی باسی لەوە کرد، "کاتێک قسە لەسەر هەڵوێستی گرووپە بەرهەڵستکارەکان دەکرێت، ئێمە هەر هێزێکی ئەمریکی لە هەر کوێیەکی عێراق بێت دەیکەینە ئامانج، بەڵام دامەزراوە مەدەنییەکان و خەڵکی سڤیل هێڵی سوورە و ئێمە دژی ئەوەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  وێنەى ئاڵاى پێشووى عێراق لەسەر 'درووشمى یادگاری'ـیەکە

یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داوای لێبووردن لە عێراق دەکات

یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داواى لێبووردن لە حکومەت و گەلى عێراق دەکات، بەهۆى بوونی وێنەى ئاڵاى پێشووى عێراق لەسەر 'درووشمى یادگاری'، کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە دا لەنێوان کاپتنی هەردوو هەڵبژاردەکە دەگۆڕدرێتەوە.