ژن و پیاوێک لە سەلاحەدین 18 پارچە زەوییان بە ساختە فرۆشتووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگەى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ژن و پیاوێکى لە سەلاحەدین دەستگیرکرد کە بەرپرسیارێتییان هەیە و بە ساختە زەوییان فرۆشتووە. بە گوتەى ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا، 18 پارچە زەویى نیشتەجێبوونیان بە ساختە فرۆشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10 ى تشرینى دووەم، دەزگاکە دەستگیرکردنى ئەو دوو کەسەى بڵاوکردەوە، پیاوەکە بەڕێوەبەرى شارەوانیى قەزاى شەرگاتە و ژنەکەش یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى تۆمارى خانووبەرەى قەزاکەیە.
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو دۆسیەدا 18 پارچە زەویی نیشتەجێبوون بە ساختە فرۆشراون و لیژنەى دەستپاکى ئەنجوومەنى پارێزگا لێکۆڵینەوەى لە دۆسیەکە کردووە.
بە گوێرەى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق، ئەو دوو کەسە مامەڵەى فرۆشتنى زەوییەکانیان ساختە کردووە و بەڵگەکان سەلماندوویانە کە ئەو پارچە زەوییانەیان بە نایاسایی کردووە بە ناوى هاوڵاتییان و فەرمانبەرانى فەرمانگەکانیان و نووسراوى فەرمییان بۆ ئەو مەبەستە ساختە کردووە.
ئەو دوو کەسە بۆ ئەو کارەیان سوودیان لە بڕگەى سێى مادەى 25 ى یاساى فرۆشتن و بەکرێدانى موڵکى دەوڵەت وەرگرتووە کە باس لەوە دەکات، دواى وەرگرتنى رەزامەندیى وەزارەتى شارەوانى، شارەوانییەکان دەتوانن زەوىی تەرخانکراو بۆ نیشتەجێکردن بفرۆشن بە نرخێک کە لیژنەیەکى تایبەتمەند بەبێ زیادکردن دیاری دەکات.