رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین سەرۆکێکى نوێى هەڵبژارد، ئەوەش دواى وەرگرتنەوەى متمانە لە سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنەکە.
هەڵبژاردنى عەلى عەبدولجەبار وەک سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین، ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ى تشرینى دووەم کرا و لەکۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەنەکە 11 دەنگى بەدەستهێنا.
عەلى عەبدولجەبار ئەندامى فراکسیۆنى تەقدوومى سوننە بوو کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتى دەکات، بەڵام دواى دەرچوونى وەک ئەندامى ئەنجوومەن لەو فراکسیۆنە کشایەوە.
یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەن و دوو ئەندام ئامادە نەبوون. ئەندامێکى دیکەش دەنگى بە سەرۆکى ئەنجوومەن نەدا".
30ى تشرینى یەکەم، متمانە لە عادل سەمێدعی، سەرۆکى ئەو کاتی ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین وەرگیرایەوەکە سەر بە هاوپەیمانیى حەسم بوو کە ئوسامە نوجێفى ئەمیندارییەتی.
یاسین داودى گوتى: "دەنگدان بە سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگا بە سازان بووە و جگە لە سوننەکان، ئەندامانى فراکسیۆنى چوارچێوەى نیشتمانى (شیعەکان)دەنگیان پێداوە".
لە کۆى 15 ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین، سیانیان لە لیستى شیعەکان، یەکێکیان کورد و 12ـەکەى دیکە سوننەن. هەردوو پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەن بەدەست سوننەوەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ