کەسوکاری قوربانییانی ئاگرەکەی حەمدانیە داوای کۆچی بەکۆمەڵی کریستیانەکان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکاری قوربانییانی ئاگرەکەی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە لە چلەی ماتەمینیی ئازیزانیان داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە رووداوەکە دەکەن. ئەوە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا 132 کەس بەهۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
لە کەنیسەی تاهرە دیسان شینگێڕی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی هەیسەمە، لە رێوڕەسمی چلەی رووداوەکە زۆربەیان بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە دەستی نزا و پاڕانەوەیان بەرزکردووەتەوە. نوور عەزیز جگە لە کوڕ و هاوژینەکەی، برا و خوشکێکیشی لەدەستداوە. لەژێر وێنەی قوربانیانی رووداوەکە داوای کۆچی بەکۆمەڵی کرستیانەکان دەکات بۆ دەرەوەی عێراق. 
 
نوور دەڵێت، "خۆزگە کۆچێکی بەکۆمەڵمان بکردبا، چونکە ژیان زۆر سەختە لێرە، هەموو پێنچ بۆ شەش مانگێک کارەساتێکمان بەسەر دێت، 40 رۆژە چاوەڕوانیانم و دەمەوێت گوێم لەدەنگیان بێت کەچی نییە، نە کوڕەکەم و نەهاوژینەکەم بەدەر ناکەون.
 
لە گۆڕستانی قیامە شێوەن و رۆڕۆی کەسوکاری قوربانییان ئاسمانی ناوچەکەی تەنیوە، هێشتا برینی لەدەستدانی کەسوکاریان ساڕێژ نەبووە، گرتنی کەسوکاریشیان بە تۆمەتی ئاگرکەوتنەوەکەی هاتووەتە سەر، داوای لێکۆلینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن.
 
دایکی گۆرگیس کەسوکاری یەکێک لەوانەیە کە تۆمەتی خراوەتە پاڵ؛ دەڵێت، "کوڕەکەی منیان بەبێ تاوان بردووە، تەمەنی 23 ساڵە، دڵم سووتاوە لەتاو دووریی ئەو، چەند رۆژە بەس دەگریم و دەمەوێ بگەڕێتەوە ماڵەوە، سوێند بە خودا ئەمە ستەمە." 
 
یوحەنا هەدایا، فەرمانبەرە دەڵێت: "داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەڵام بێ ئەنجام بوو، بڕواش ناکەم ئێستا بارودۆخەکە رێگەبدات لایەنی نێودەوڵەتی بێت لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە بکات، بەڵام ئێستا داوادەکەین نموونە و سامپڵەکان ببەنە دەرەوە، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و ئەنجامەکەمان پێبدەن، بەڵام کەس ئەنجامەکەمان پێنادات."
 
لە 26ی مانگی ئەیلوول لەمیانی ئاهنگێکی هاوسەرگیری، ئاگر لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە کەوتەوە و لەئەنجامدا تائێستا 132 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و 175  کەسیش بریندار بوون کە برینی 23یان سەختە و بۆ چارەسەر نێردراونەتە تورکیا.