دەستپاکیى عێراق: براى پارێزگارێک موڵکێکی بە کەمتر لە نرخی خۆی پێدراوە

10-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دەستەی دەستپاکیی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، موڵکێک بە کەمتر لە نرخى خۆى دراوە بە براى پارێزگارى موسەننا کە لە ماوەى سێ ساڵدا کرێکەى زیاتر لە سێ ملیار دینار کەمتر بووە، پێنج کەس لەسەر ئەو دۆسیەیە رەوانەى دادگە کراون.
 
رۆژی 9ـی تشرینى دووەمى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرابوونى دۆسیەیەکى گەندەڵى لە سنوورى پارێزگاى موسەننا بڵاوکردەوە کە بەکرێدانى موڵکێکى گشتییە بە موساتەحە کە بەکەمتر لە سێ ملیار دینار لە نرخى خۆى دراوەتە کەسێک، دواتر کەسەکە داویەتییە برایەکى پارێزگارى ئێستاى موسەننا. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە بەڕێوەبەرایەتیى خانووبەرەى شارى سەماوەى ناوەندى پارێزگاى موسەننا گرێبەستێکى لەگەڵ هاووڵاتییەک کردووە بۆ ئەوەى موڵکێکى بە کرێی 25 ساڵ وەک موساتەحە پێبدات کە پارەى کرێى ساڵانەى بە نۆ ملیۆن و 900 هەزار دینار دیاریکراوە سەرەڕاى ئەوەى ئەو باڵەخانەیە لە ناوچەیەکى بازرگانییە و رووبەرەکەى زیاتر لە دوو هەزار دۆنەم بووە و دواتر ئەو هاووڵاتییە سازشى لە گرێبەستەکە کردووە بۆ برایەکى پارێزگارى ئێستاى موسەننا.
 
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە لەدواى لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، دەبوو نرخى کرێى ساڵانەى ئەو موڵکە 131 ملیۆن و 202 هەزار و 509 دینار بێت کە لە ساڵى 2021 ـەوە کە گرێبەستەکەى تێدا واژۆ کراوە تێکڕاى ئەو زیانەى کە بەهۆی گرێبەستەکەوە لەو ماوەیەدا بەر پارەى گشتى کەوتووە، سێ ملیار و 280 ملیۆن و 62 هەزار دینار بووە.
 
لەسەر دۆسیەکە سەرۆکى لیژنەى مەزەندەکردنى بە کرێدانى ئەو موڵکە، چوار لە ئەندامانى لیژنەکە بانگکراون بۆ دادگە بەمەبەستى لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە