رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی دوێنێ پێنجشەممە، 9-11-2023ی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بە مەبەستی پرس و راوێژ بووە بۆ پرسە گرنگ و ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان کە پەیوەندییان بە عێراقەوە هەیە.
حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی 10-11-2023 لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربوو و لەبارەی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر قسەی کرد و رایگەیاند، "سەردانێکی زۆر گرنگ بوو کە تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی سیاسی، ئەمنی، دارایی، کارگێڕی، بابەتە پەیوەندیدارەکانی کاروباری دەوڵەتی لەگەڵ بەڕێزان مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد".
حوسێن عەللاوی گوتی، "هەندێک پرسی تایبەت بە کاروباری دەرەوە و ناوخۆ لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر هەبوون و خرانە بەرباس؛ باس لە سیاسەتی هاوئاهەنگی هاوبەش کرا؛ باس لەو ئاڵنگارییە هەنووکەییانە کرا کە پەیوەندییان بە قەیرانی غەززە، سیاسەتی هاوسۆزیی نیشتمانی و هەڵوێستی فەرمی لە بوارە مرۆیی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە هەیە، ئەوەش لەپێناو دیاریکردنی گوتاری نیشتمانیی یەکگرتوو".
حوسێن عەللاوی گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زانیاری لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی لە میانی سەردانیکردنی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پەیوەندییە تەلەفۆنی و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دا.
رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و سەرەتا چووە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئامادە بوون.
بە گوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا "بیروڕا لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. هەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر گرژی و رووداوەکانی ناوچەکە و نەهامەتی و ئازارەکانی گەلی فەلەستین و چۆنێتی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە و ئەو ئاستەنگ و مەترسیانەی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قسەیان کرد و جەختیان لە گرنگیی پشتگیری لە حکومەتی فیدراڵی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، گوتاری نیشتمانی و سیاسەتی هاوبەشیکردن لە حکومەتی سوودانی لە پرسە گرنگەکاندا هەیە و سوودانی لەگەڵ ئەوەدایە پرس و را بکرێت و بایەخیش بە راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەدات و گوتیشی، "ئەوەش لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بوو بۆ هەرێمی کوردستان و دیدارەکانی لە هەولێر، لەگەڵ جەختکردنەوە لە بەهێزی پەیوەندییەکانی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لەژێر رۆشنایی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، بەتایبەتی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات و سامانەکان. هاوکات بەڕێزیان جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە".
لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حوسێن عەللاوی گوتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیدی کار دەکات بۆ نەهێشتنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی 20 ساڵی رابردووی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق. دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە. شاندەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام سەردانی بەغدا دەکەن و بە پێچەوانەشەوە و لەسەر ئاستی زۆر باڵادا دیدار و گفتوگۆ دەکرێت. وەک ئەنجامی ئەوەش، دیالۆگی بەرهەمدار هەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دانانی ئاراستەیەکی نیشتمانی و درێژخایەن بۆ ناردنی پارە بەپێی رێکارە دەستووری و یاساییەکان".
راوێژکارەکەی سوودانی گوتیشی، "حکومەت کار دەکات بۆ زیادکردنی داهاتەکەی و هەمووی لەنێو سەبەتەیەکدا کۆدەکاتەوە بە داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستانیشەوە. بۆ ئەو مەبەستە لیژنە تەکنیکییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ کار دەکەن و بەدواداچوون بۆ توانای تۆڕی بۆرییە نەوتییەکان دەکەن، لەوانەش بۆری نەوتی جەیهان".
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش راوێژکارەکەی سوودانی گوتی، لیژنەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان "سەردانی یەکدی دەکەن بۆ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای سۆمۆ. دوای تەواوبوونی کارە هاوبەشەکانیان پێکەوە دەچنە تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە، چونکە تورکیایە هەناردەی نەوتی بەهۆی کێشەی تەکنیکی و بڕیاری دادگەی پاریسەوە راگرتووە".
سەبارەت بە کاری لیوا هاوبەشەکانیش راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "کاری لیواکان لە رووی تەکنیکییەوە تەواو بووە. ئێستاش لە چاوەڕوانی تەرخانکردنی دارایی، پارەدارکردن و پشتیوانی لۆجیستی و دانانی پەیکەربەندیدان بۆیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ