حکومەتی عێراق بەنیازە دەستکاریی خشتەی مووچەی فەرمانبەران بکات

10-11-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 14 ساڵ بەسەر دەستکاریکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەران تێدەپەڕێت و پێویستە دەستکاریی خشتەکە بکرێت. ئەندامێکی لیژنەی داراییش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، 70%ی بودجەی بەکاربردن بۆ مووچە دەڕوات.
 
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دوایین پەیکەر و هەموارکردنی مووچە و کرێ لە دەوڵەتی عێراق ساڵی 2008 بوو، واتە نزیکەی 14 ساڵ تێپەڕیوە، لە کاتێکدا وڵات بە دۆخی جیاواز تێپەڕیوە لەبارەی هەڵاوسان و جیاوازییەکی گەورە لە ئاستی بژێویدا.
 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستکاریکردنی مووچە و راستکردنەوەی پەیکەربەندییەکە، کارێکی پێویستە لە هەموو سیستمێکی کارگێڕی و دارایی لە جیهاندا." هاوکات روونیکردەوە، مووچەی ئێستای فەرمانبەرانی دەوڵەت 42%ی کۆی خەرجیی حکومەت پێکدەهێنێت، کە 50%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی لەخۆدەگرێت، ئەمەش مانای وایە مووچە 20% لە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی پێکدەهێنێت، ئەوەش بارگرانیی بۆسەر خەرجیی گشتی دروستدەکات لە ئابووریدا.
 
د. مزهەر محەممەد ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە، جیاوازی و نایەکسانی لەنێوان مووچەی وەزارەتەکاندا هەیە، هەروەها کێشە لە کەمترین مووچەشدا هەیە، ئەگەر بەراوردی بکەیت لەگەڵ کەسێک کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت، لەگەڵ هەوڵەکانی ئەو فەرمانبەرە ناگونجێت، بۆیە پێویستە سنوورێک بۆ ئەوە دابنرێت و بژێویی ژیانیان لەبەرچاو بگیرێت. ئاراستەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی ئەوەیە، هاوکاریی چینی هەژاران و داهاتە سنووردارەکان بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە 10-11-2022 د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی بابەتی خشتەی مووچە رێکدەخات، پرۆژەیاسای ئەنجوومەنەکە لە پەرلەمانە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە؛ دانان و دەستکاریکردنی خشتەی مووچە کاری حکومەتە و لە پەرلەمانیش دەکرێتە یاسا.
 
د. جەمال کۆچەر روونیکردەوە، لە بودجەی عێراقدا، بودجەی بەکاربردن پارەیەکی زۆری بردووە، بۆیە حکومەت ناچارە پێداچوونەوەی بۆ بکات، زۆرترین پارە لە بودجەی بەکاربردن کە 70%یە، بۆ مووچە دەڕوات؛ هەروەها "جیاوازییەکی زۆر گەورە" هەیە لە مووچەدا.
 
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، عێراق سێ ملیۆن و 263 هەزار و 834 فەرمانبەری هەیە؛ بڕی 53 تریلیۆن و 839 ملیار و 792 هەزار و 535 دیناریان بۆ تەرخانکراوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت، ئێستا نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری دیکەی زیاد بووە، بەهۆیەوە نزیکەی 10 تریلیۆن دیناری دیکە بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران زیادبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.