دوو وەزیر زیانی کەمبەردانەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە بۆ نێو عێراق ئاشکرا دەکەن

11-11-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق دەڵێت، ئاوى دیجلە و فورات بۆ نێو عێراق زیاتر لە نیوە کەمبووەتەوە؛ وەزیرى کشتوکاڵی وڵاتیش دەڵێت، بەهۆى کەمئاوییەوە کەرتى کشتوکاڵ بە رێژەى 70% پاشەکشەى کردووە.  
 
رۆژی 10ى تشرینى دووەمى 2022 فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق گوتەى عۆن زیاب، وەزیرى سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و عەباس علیاوى، وەزیرى کشتوکاڵى وڵاتی لەبارەى کێشەى کەمئاوى و وشکەساڵى بڵاوکردەوە کاتێک لە پەرلەمان میوانداریکران. 
عۆن زیاب رایگەیاند، ساڵى رابردوو بەهۆى وشکەساڵى و کەمئاوییەوە کشتوکاڵ لە پارێزگای دیالە کەمبوو و داوای کرد پەلەبکرێت لە قسەکردن لەگەڵ تورکیا بۆ بەردانەوەى ئاوی زیاتر و رایگەیاند: "زیاتر لە ساڵێکە تورکیا پابەند نییە بەو رێککەوتنەى لەگەڵیدا کراوە".
 
بەگوتەى وەزیرى سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بڕى ئاوى بەردراوەى رووبارى فورات بۆ نێو عێراق 198 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لەکاتێکدا پێشتر 290 مەتر بووە؛ هەرچى رووبارى دیجلەیە لە چرکەیەدا 200 مەتر سێجاى ئاوەکەى لە تورکیاوە دێتە نێو عێراق، لەکاتێدا پێشتر 500 مەتر سێجا بوو لە چرکەیەکدا. 
 
10ى تشرینى یەکەم پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە کە یەکێک لە بڕگەکانى میوانداریکردنى ئەو دوو وەزیرەى حکومەتى نوێى عێراق بوو لەبارەى وشکەساڵى و کەمئاوى و دۆخى کشتوکاڵ.
 
عەباس عەلیاوى، وەزیرى کشتوکاڵ لەو کۆبوونەوەى پەرلەماندا رایگەیاند، بەهۆى وشکەساڵى و کەمئاوییەوە کەرتى کشتوکاڵى عێراق بە رێژەى 70% پاشەکشەی کردووە.
 
زۆزان هاجانی، ئەندامى لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق رۆژی پێنجشەممە 10-11-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەکەیان بەر لە کۆبوونەوەى پەرلەمان لەگەڵ هەردوو وەزیر کۆبوونەتەوە و "لەوێ پێیان راگەیاندین کە لیژنە و شاندى دانوستاندنکار پێکدەھێنن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا و ئێران لەبارەى پشکى ئاوی عێراق لەو رووبارانەی لەو دوو وڵاتەوە دەڕژێنە نێو عێراق". 
 
زۆزان هاجانی ئاماژەى بەوەشدا کە وەزیرانى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ئاماژەیان بەوەداوە کە لە چەند رۆژى داهاتوودا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەی وڵات کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى هەنگاوەکانى ئاییندەیان بۆ چارەسەرى کێشەى کەمبەردانەوەى ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە