دادگەى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى محەممەد حەلبووسی دژى کازمی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە سەرۆکى پەرلەمانی عێراق دژى بڕیارێکى سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیران بۆ راسپاردنى وەزیرى نەوت بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى دارایی بەوەکالەت تۆماریکردووە. 
 
بەگوێرەى کارنامەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، 10ى تشرینى یەکەمى 2022 یەکەم دانیشتنى دادگەیە لەبارەى سکاڵاکەوە کە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەسەر مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی وڵات تۆماریکردووە لەبارەى بڕیارێکى ئەنجوومەنی وەزیران بۆ راسپاردنى ئیحسان عەبدولحەبار، وەزیرى نەوت بە بەڕێوەبردنى وەزارەتى دارایی بەوەکالەت لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى عەلى عەللاوى، وەزیرى پێشووی دارایی.
 
رۆژی 16ى ئابى 2022، عەلى عەللاوى، وەزیرى پێشووى دارایى عێراق دەستی لەکارکێشایەوە و هەمان رۆژ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوتى وەکو وەزیرى دارایی بەوەکالەت راسپارد.
 
رۆژی 13ى ئەیلوولى 2022، نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشکێشکردنى ئەو سکاڵایە لەسەر بنەماى نووسراوێک بووە کە سەرۆکى لیژنەى دارایی پێشکێشى کردووە و هۆکارەکەى ئەوەیە کە نابێت وەزیرى نەوت لە هەمان کاتدا وەزیرى دارایی بێت، لە کاتێکدا وەزارەتى دارایی چاودێرە بەسەر داهاتى فرۆشتنى نەوتەوە."
 
ئیحسان عەبدولجەبار، بڕوانامەی لە بوارى کیمیادا هەیە، لە 6ى حوزەیرانى 2020 وەکو وەزیرى نەوت لە پەرلەمانى عێراق متمانەی پێدرا.