عەبادی بۆ رووداو: دەکرێت کۆنفیدراڵی قسەی لەسەر بکرێت

رووداو- بەغدا

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند"گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی کوردستان رەتناکەینەوە."گوتیشی: "دەکرێت کۆنفیدراڵی قسەی لەسەر بکرێت".

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی" هیچ کات گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی کوردستان رەت ناکەینەوە. دانوستاندن لەسەر گشتپرسی و ئەنجامەکەی ناکەین و دەبێت ئەنجامی گشتپرسی هەڵبوەشێتەوە."

لەبارەی بژادەی کۆنفیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان، عەبادی گوتی"دەکرێت کۆنفیدراڵی قسەی لەسەر بکرێت. کۆنفیدراڵی بابەتێکە پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوورە. ئەوەش دەبێت لەسەر ویستی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت."

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا جەختی لەسەر نەپچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و راشیگەیاند: "هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێویستە لەسەر سێ بنەما بێت، یەكێتی عێراق، دەستوور و رەتکردنەوەی گشتپرسی".

لەبارەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئیدارەی ئەمنی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە دەسەڵاتی حکومەتی ئیتیحادییە و هاوکات داواشی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد، کە رووبەڕووی هێزەکانی ئیتیحادی نەبنەوە لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا.

هەروەها عەبادی دەڵێت سەرجەم سەرکردەکانی جیهان پشتیوانی لە عێراق دەکەن لە رێوشوێنەکانی سەپاندنی دەسەڵاتی ئیتیحادی و دەشڵێت "نەوتی عێراق موڵکی هەموو عێراقییەکانە".

لەبارەی سەردانەکەی بۆ فەرەنسا ئاماژەی بەوەکرد، کە فەرەنسا جەختی لە گرنگی یەكێتی و سەرەوەری عێراق کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی ئەمساڵ ساڵی کۆتایی داعشە لە عێراق گوتی: "لە هەموو شوێنک ترس کەوتووەتە نێو دڵی داعش ، هێزەکانمان هەندێک ناوچەیان ئازادکردووە، کە لەسەردەمی رژێمی پێشووەوە هیچ هێزێکی سەربازی پێی نەگەیشتووە".

دەقی پرسیارەکەی رووداو و وەڵامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق

رووداو: بۆچی سوورن لەسەر رەتکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟، ئایا خستنەڕووی سیستەمی کۆنفیدراڵی لە ئارادایە ؟

عەبادی: بەهیچ شێوەیەک دیالۆگ رەتناکەینەوە، بە راشکاوانە دیالۆگمان نەپچڕاندووە و لە گفتوگۆ نەوەستاوین، پێش گشتپرسی، دیالۆگیان نەدەویست تەنیا پێیان رادەگەیاندین گشتپرسی دەکەن ، ئێمە پێمان گوتن ئەمە هاوبەشییە، ئێمە لەو وڵاتەدا هاوبەشین، پێویستە لەسەرمان گفتوگۆ بکەین ، ئێستا لەوبارەوە داوا پێشکەشکراوە، هەر دوای گشتپرسی دەستبەجێ داوای گفتوگۆیان کردووە و گوتیان بە نهێنی یاخود ئاشکرا بێت، دێینە بەغدا ئێوە چۆنی بخوازن ئێمە شتی نهێنیمان نییە ، هەموو کارەکانمان لەسەر مێزە، بەڵام هاتن بۆ بەغدا لەسەر چی؟، ئەگەر لەسەر گشتپرسی گفتوگۆ بکەین، ئێمە گشتپرسی رەتدەکەینەوە، گفتوگۆ لەسەر گشتپرسی و ئەنجامەکەی ناکەین، روونە ئەوان دەیانەوێت گفتوگۆ لەسەر گشتپرسی بکەن و ئەوان باسی دیالۆگی بێ مەرج دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا هی ئەوان مەرجدارە،  بەئاشکرا رایانگەیاندووە، کە ئێمە دێین لەسەر گشتپرسی گفتوگۆ دەکەین، کەواتە ئەمە خۆی مەرجە ، بەپێچەوانە ئێمە دەمانەوێت گشتپرسی لەبیربکرێت و بوونی نەبێت و دانی پێدانانێین و نادەستووری و ناشەرعییە ، هەروەها ئەنجامەکەی نادروستە و نادەستووری و ناشەرعییە. بەهیچ شێوەیەک گفتوگۆ لەسەر گشتپرسی و ئەنجامەکانی ناکەین ، گفتۆگۆ دەکەین لەژێر سایەی دەستووری عێراقیدا، عێراقێکی یەکگرتوو لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا، ئەوە گفتوگۆی کراوەی ئێمەیە لەگەڵ سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ئیتیحادی بەسەر تەواوی ناوچەکانی عێراق بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، وەک سەرۆکوەزیرانیش دەسەڵاتی ئەوەم نییە، هەروەها  لە دەسەڵاتی پەرلەمان، سەرۆککۆمار و دادگا و هیچ کەسێک نییە ، ئەمە بابەتێکی دەستوورییە ، ئەگەر خواستێک لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەبێت  بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ کۆنفیدراڵی، ئەوا پێویستە رێوشوێنی دەستووری بگیرێتەبەر بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور ئەمە لە دەسەڵاتی مندا نییە و لە دەسەڵاتی مندا نییە گفتوگۆشی لەسەر بکەین، ئەم رێوشوێن و هەموارکردنە ، بنەڕەتییە و پێویستی بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە، دواتر دەبێت بخرێتە بەردەم گەلی عێراق، بۆ ئەوەی گشتپرسی لەسەر بکرێت و هەموو گەلی عێراق دەنگی لەسەر بدات. ئەمە رێوشوێنێکی دیکەیە ئەگەر دەتەوێت باسی بکەی، ئەمە باتێکی دیکەیە و دەکرێت بچیتە ناوییەوە ، بەڵام پێویستە ئەو رێوشوێنانە بگیرێتەبەر.