لە 7000 گرێبەستى دامەزراندنی دیالە پشکى خانەقین و سەعدیە 600 کەسە

 
رووداو دیجیتاڵ

وردبینى لە ناوى ئەو کەسانەى دیالە دەستیپێکرد کە بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن، لە زیاتر لە 7000 گرێبەست، نزیکەى 600یان پشکى خانەقین و سەعدیە دەبن. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 10ى ئەیلوولی 2024 وردبینى لە ناوى ئەو کەسانە لە دیالە دەستیپێکرد کە داواکارییان پێشکێش کردووە بۆئەوەى بکرێنە فەرمانبەرى گرێبەست لە سنوورى ئەو پارێزگایە.
 
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زیاتر لە 160 هەزار کەس لە رێگەى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنییەوە داواکارییان پێشکێش کردووە، لە کاتێکدا ژمارەى ئەوانەى بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن 7448 کەسە.
 
20%ى ئەو گرێبەستانە بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەوانەن کە لە شەڕەکاندا کوژراون، 5%یان بۆ خاوەنپێداویستیى تایبەت و 2%ى بۆ پێکهاتەکانە، ئەوەى دەمێنێتەوە بەگوێرەى رێژەى دانیشتووان و پێویستیى پارێزگاکان بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش دەکرێن.
 
ئەوس مەهداوى گوتى، "بەگوێرەى ژمارەى دانیشووان، پشکى خانەقین 450 کەس و ناحیەى سەعدیە 150 کەس دەبێت لەو دامەزراندانە، وردبینیى ناوەکان 30 بۆ 45 رۆژ دەخایێنێت."
 
لیژنەیەک لە دیوانى پارێزگاى دیالە بە سەرپەرشتیى ئەنجوومەنى پارێزگا ئەو ناوانە بەگوێرەى خاڵەکانیان جیا دەکاتەوە بۆ دامەزراندنیان بە گرێبەست، کە بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى بڕیارى لێدراوە.