ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق: وەزارەتی گەیاندن دەسەڵاتی داخستنی ماڵپەڕ و ئاژانسەکانی هەواڵی نییە

10-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی گەیاندنی عێراق دەسەڵاتی بڕیاردانی داخستنی ئاژانس و ماڵپەڕەکانی هەواڵی نییە و ئەو بڕیارە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە دەردەکرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "داخستنی ماڵپەڕ و دەزگاکانی راگەیاندن دەبێت بەپێی رێکارە یاساییەکان بێت، نەک بڕیاری کەسێک."
 
سەرۆکایەتیی دەستەی سەرپەرشتیاری دادی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە نووسراوێکدا کە وەڵامی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێیە لە پەرلەمانی عێراق، بۆچوونی لەبارەی داخستنی دەزگاکانی راگەیاندن و ماڵپەڕەکانەوە خستەڕوو.
 
لە وەڵامنامەکەدا هاتووە، "وەزارەتی گەیاندن دەسەڵاتی بڕیاردانی بۆ داخستنی ئاژانس و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانی دەزگاکانی راگەیاندن نییە، کاتێک سەرپێچیی یاسایی دەکەن، چونکە هیچ پشتیوانییەکی یاسایی نییە و رێگەی دەرکردنی ئەو جۆرە بڕیارانەی نییە."
 
ئەنجوومەنەکە رایگەیاندووە، "ئەو لایەنەی تایبەتمەندە بەو بابەتە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنە و بە بڕیارێک لە سەرۆکی دەستەکەوە دەبێت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتەکانی لە بەشی 9/1ی بڕیاری یاسایی ژمارە 65ی ساڵی 2004ی بەرکار."
 
هەرچەندە سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن دەتوانێت بڕیاری داخستن بدات، بەڵام دەتواندرێت لەماوەی 30 رۆژ لە دەرچوونی بڕیارەکە، تانە لە بڕیارەکە بدرێت.
 
زەنیەب جەییاشی، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ژمارەیەک دەزگا و ماڵپەڕی میدیایی لەماوەکانی رابردوودا داخراون، بەڵام ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەیانەوە دیارنییە، بەڵام ئەو بابەتە دەبێت بەپێی رێککاری یاسایی بکرێت و پێشێلکارییەکانیان روونبکرێتەوە، واتە بەشێوەیەک نەبێت ببێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان."
 
جگە لە بڕیاری قەدەخەکردنی ماڵپەڕە سێکسییەکان لەماوەکانی رابردوودا بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێسا و یاساکان و هێرشکردنە سەر کەسایەتی و سیاسەتمەداران یان بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کە بە"هەواڵی ناڕاست" ناوبراون، ژمارەیەک وێبسایت و دەزگای راگەیاندن داخراون و رێکخراوەکانی بەرگری لە ئازادی رادەربڕینیش هەنگاوەکانیان بە"بەرتەسککردنەوەی ئازادی راگەیاندن" ناوبردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.