زانکۆی ئەنبار پۆشینی جلی تەسک و عەزی لە خوێندکارەکانی قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی ئەنبار رێنوێنیی قەدەخەکردنى پانتۆڵی تەسک و عەزى و جلى نەخشدار لە خوێندکارەکانی قەدەخە دەکات. مامۆستایەکى زانکۆکە دەڵێت، رێنوێنییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵاوە دەرکراون و بۆ هەموو زانکۆکان نێردراوە.
بەگوێرەى ئەو رێنوێنییانە، کە لەلایەن زانکۆى ئەنبارەوە لە 5ى ئەیلوول دەرکراون، مەرجەکانى رێکپۆشى و شێوازى پۆشینی جلوبەرگى قوتابییانى کوڕ و کچ دیاریکراوە.
رەنگى جلوبەرگى قوتابییانى کوڕ دەبێت نیلی، سپى، شینى ئاسمانى، قاوەیی تۆخ، رەساسی بن؛ بۆ کچانیش سپی و شینى ئاسمانى و رەش و رەساسی بێت.
لە رێنوێنییەکاندا هاتووە، نابێت قوتابییانى کچ پانتۆڵ لەبەر بکەن و دەتوانن تەنیا کیلۆت لەبەر بکەن، لەبەرکردنى جلوبەرگێک کە نەخشەدار بێت یان نووسینی لەسەر بێت، بۆ هەردوو رەگەز قەدەخەیە.
د. موئەید دلێمى، مامۆستاى کۆلێژى راگەیاندن لە زانکۆى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو رێنوێنییانە ساڵانە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاوە دەردەچن و بۆ هەموو زانکۆکانە، تەنیا بڕیارى زانکۆى ئەنبار نییە، ساڵى رابردوو دوو رەنگ رێگە پێدراو بوون بۆ جلوبەرگ، ئەم ساڵ کراوە بە پێنج رەنگ."
یەکێکى دیکە لە رێنوێنییەکان ئەوەیە، نابێت قوتابییان لە هەردوو رەگەز پانتۆڵى تەسک لەبەر بکەن، د. موئەید دلێمى گوتى، "ئەو جۆرە پانتۆڵە بۆ مامۆستایانیش قەدەخەیە."
د. موئەید دلێمى رایگەیاند، ئەگەر قوتابییەک پەیوەست نەبێت بەو رێکپۆشی و رێکارانەوە، دواى دوو جار ئاگادارکردنەوە، لە هۆڵى خوێندن دەکرێتە دەرەوە و بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت، بەڵام هیچ قوتابییەک لەسەر پێشێلکردنى ئەو رێنوێنییانە لە زانکۆ دەرناکرێت.