داعشێک لە عێراق بە ناسنامەى برا کوژراوەکەیەوە گەڕاوە و بە ساختە خۆی مراندووە

10-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکى داعش لە بەغدا دەستگیر دەکرێت کە ناسنامەى ساختەى بە ناوى برایەکیەوە کە کوژراوە بۆ خۆى دروست کردووە. بەڵگەنامەى مردنى خۆیشى ساختە کردووە و پێى سووڕاوەتەوە، داعشێکى دیکەش لە مەخموور دەستگیرکراوە کە لە 2017ـەوە خۆى شاردووەتەوە.
   
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەندامێکى رێکخراوى داعشى لە بەغدا راگەیاند، کە بە ئەبو ئەنەسى عێراقى ناسراوە و لە سنوورى ویلایەتى سەلاحەددینى رێکخراوەکە کارى کردووە، ئەو کەسە بەگوێرەى مادەى چوارى یاساى بنبکڕدنى تیرۆر داواکراو بووە، کە سزاکەى لە نێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە .
 
دەزگاکە ئاماژەى بەوەداوە ئەبو ئەنەسى عێراقى لە نێوان سەلاحەددین و ئەنبار و بەغدا هاتووچۆى دەکرد، لە شەڕێکدا لە سامەڕا بریندار بووە. 
 
 ئەبو ئەنەسى عێراقى دواى کۆتایی شەڕى داعش چووەتە بەغدا و چەند بەڵگەنامەیەکى بۆ خۆى ساختەکردووە کە لەرێگەیەوە ناسنامەى برایەکى کوژراوى هەڵگرتووە، ئەوە جگە لەوەى بەڵگەنامەى مردنى بۆ خۆى بە ساختە دروست کردووە.
 
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق راگەیاندووە لە یەکێک لە کێڵگەکانى سنوورى قەزاى مەخموور ئەندامێکى دیکەى رێکخراوى داعش دەستگیرکراوە کە لە دواى رزگارکردنى نەینەوا لە دەستى ئەو گرووپە خۆى شاردبووەوە. 
 
ئەو ئەندامەى داش بە "عەلاوى شەت" ناسراوە، لە ویلایەتى باکوورى بەغداى رێکخراوەکە کاری کردووە و پڕۆژەى ئاوى کەرخى بەغداى بە هاوەن بۆردووەمان کردووە.
 
ئەرکى عەلاوى شەت دابەشکردنى هاوکاریی مانگانەى داعش و پاڵپشتى لۆجیستى بووە بۆ چەکدارانى گرووپەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە