رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانى هەردوو فراکسیۆنى نەینەواى ئایندە و یەکگرتوو کۆدەبنەوە و پێشنیازێک بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوانیان لە بارەى گۆڕانکارییە کارگێڕیبەکانى پارێزگاکە تاوتوێ دەکەن. بەربەستى بەردەم پێشنیازەکە ئەوەیە پشکى کورد لە پۆستە کارگێڕییەکان بۆ نزیکەى نیوە کەم دەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە 8ى ئەیلوول لە نەینەوا کراوە، وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەکردنى کێشەى نێوان دوو بەرە ناکۆکەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە بارەى گۆڕانکاریى کارگێڕى لە زیاتر لە 17 پۆست کە لە کۆبوونەوەى یەکى تەممووزى 2024 ئەنجوومەنى پارێزگا بڕیاریان لێدرا.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى یەکێتى کە هاوکات ئەندامى هاوپەیمانیى نەینەواى ئایندەیە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو کۆبوونەوەیە بە دەستپێشخەرى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا بووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتنى کۆتایی".
ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە لەلایەن هاوپەیمانى نەینەواى ئایندە کران و ناڕەزایەتى هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى لێکەوتەوە و بەهۆیەوە بایکۆتى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگایان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە کە بە "نایاسایی" دەزانن.
ئەحمەد عەبد رەببە، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە هاوپەیمانیى نەینەواى یەکگرتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیازێکمان رادەستى نوێنەرى دانوستاندنکارى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کرد لە بارەى چارەسەرى دابەشکاریى پۆستەکان و پێیانگوتین دواى تاوتوێکردن وەڵاممان دەدەنەوە".
پێشنیازەکە ئەوە بووە کە بە گوێرەى رێژەى سەدى کورسیی فراکسیۆنەکان، پشکیان لەو پۆستانە پێبدرێت، بەشێوەیەک کە هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە زیاتر 55%ـی پۆستەکانى بەردەکەوێت، نەینەواى یەکگرتوو 31% و پارتى 14%ى بەردەکەوێت.
یەکێک لە کێشەکانى بەردەم بەو دابەشکارییەى پۆستە کارگێڕییەکانى ئەو ناوچانەن کە زۆرینە کوردن، کە قایمقامێک و شەش بەڕێوەبەرى ناحیەن، ئەگەر بە گوێرەی کورسی دابەش بکرێت پشکى کورد کەم دەبێتەوە.
بەگوتەى ئەحمەد عەبد رەببە، کێشەى ئەو پێشنیازە ئەوەیە کە کورد لەو حەوت پۆستە ئەگەر هەیە چوارى بەربکەوێت، چونکە "فراکسیۆنەکانى دیکە کورسیان زیاترە و ناچار دەبن لەدابەشکارییەکەدا چەند پۆستێک لەو 7 یەکە کارگێڕییەیان پێ بدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ