کشتوکاڵی عێراق: جووتیارانی کوردستان بەهۆی گرانیی کرێی گواستنەوە ناتوانن بەرهەمەکان ببەنە نێوەڕاست و باشوور

10-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی گرانیی کرێی گواستنەوە، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناتوانن بەرهەمەکانیان ببەنە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشوور. دەشڵێت، "بەمزووانە هاوردەکردنی تەماتە قەدەخە دەکەن."
 
مەیسەم عەبدولحوسێن، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ کاروباری تەکنیکی، رۆژی سێشەممە 10-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جووتیارانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، سەرجەم شایستەکانیان خەرج دەکرێت، بەگوێرەی خشتەیەک کە لای وەزارەتی بازرگانیی عێراقە."
 
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی کرد، ئەو پێیوایە "بەهۆی گرانیی کرێی گواستنەوە، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناتوانن بەرهەمەکانیان، بەتایبەتی تەماتە، ببەنە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق و لەوێ ساخی بکەنەوە."
 
مەیسەم عەبدولحوسێن بە پێویستی دەزانێت، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەردەوام داتا و زانیارییان لەبارەی بەرهەم پێبدەن، بۆئەوەی پلانی بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەیان دابنرێت، لەگەڵ دانانی خشتەی هاوردەکردنی بەرهەمەکان.
 
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، هاوکارییەکی بەرهەمدار لەنێوان هەردوو وەزارتی کشتوکاڵ هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت،"گرفتمان هەیە لە کەمیی زانیاری سەبارەت بە ژمارەی بەرهەمهێنەران، بڕی بەرهەم، وەرزەکانی بەرهەم لە هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی بەرنامەیەکی بەبازاڕخستن بۆ تەواوی عێراق دابنێن."
 
راشیگەیاند، "بەمزووانە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی عێراق دەدرێت، ماوەی قەدەخەکردنەکە بەگوێرەی رۆژنامەی کشتوکاڵی دەبێت، بۆئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بە تەواوی ساخ ببێتەوە و پارێزگاریی لێبکرێت."
 
مەیسەم عەبدولحوسێن دەشڵێت، هەر کاتێک تەماتەی ناوخۆ کەم بووەوە، یاخود نرخەکەی گران بوو، وەزارەتی کشتوکاڵ دەرگای هاوردەکردن دەکاتەوە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری.
 
رۆژی دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی "لەسەر پێداگریی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقی لە هەرێمی کوردستان، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتیی جووتیاران، لەدوای دانوستاندن و گفتوگۆیەکی چڕ، بڕیار درا پاڵپشتیی جووتیاران و بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
رۆژی یەکشەممە  08-09-2024 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، "بڕیاردراوە عێراق تەماتە لە دەرەوە هاوردە نەکات و دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنەوە دادەخرێت. ئەمەیش دەرفەتێکی زێڕین و گرنگە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
 
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەمە بە دەمەوەچوونی داواکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی جووتیارانە و بەتایبەت جووتیارانی ناوچەی پێنجوین، سیدەکان، دەشتەکانی هەولێر و دهۆک. کە لە ئێستادا بەرهەمەکانیان پێگەیشتووە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەیە. لەمەودوا کێشەکانیان چارەسەرکرا و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بازاڕەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  وێنەى ئاڵاى پێشووى عێراق لەسەر 'درووشمى یادگاری'ـیەکە

یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داوای لێبووردن لە عێراق دەکات

یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داواى لێبووردن لە حکومەت و گەلى عێراق دەکات، بەهۆى بوونی وێنەى ئاڵاى پێشووى عێراق لەسەر 'درووشمى یادگاری'، کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە دا لەنێوان کاپتنی هەردوو هەڵبژاردەکە دەگۆڕدرێتەوە.