رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند مانگی رابردوو لەرێگەی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە زیاتر لە 2300 گەشتی ئاسمانی کراون و نزیکەی 400 هەزار گەشتیار گواستراونەتەوە و گەشتیان کردووە. ئەمەش زۆرترین ژمارەی گەشتە لە دوای سەرهەڵدانی کۆڕۆناوە لە مانگێکدا بەو هێڵە بکرێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئامارەکانی گەشت و گەشتەکانی مانگی ئابی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە لەو مانگەدا 400 هەزار کەس لە رێگەی دوو هەزار و 372 گەشتەوە لە رێگەی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە گەشتیان کردووە.
بەپێی وەزارەتەکە، لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەوە بەرزترین ژمارەی گەشتیاران و گەشتە لە رێگەی فڕۆکە و فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە بە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق کرابن.
وەزارەتەکە پێیوایە: "ئەو ژمارەیە نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەجێگەیاندن و شارەزایی پڕۆسەکانی ئاسمانییە."
زولفەقار عەبدولحوسێن، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق، بەپەیجی وەزارەتەکەیانی رایگەیاندووە: "ئەو زیادبوونە لە ژمارەی گەشتیاران و گەشتەکانمان بەهۆی زیادکردنی توانای بەکارخستنەوە و دابینکردنی بژارەی جیاوازی گەشتکردنە لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە و بە نرخی گونجاو."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق، پێشبینی دەکات مانگەکانی داهاتوو ژمارەی گەشت و گەشتیاران لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی ئێران زیاتر بێت.
هێڵی ئاسمانیی عێراق 39 فڕۆکەی هەیە، بەڵام تەنیا 27یان گەشتیان پێدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ