رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک بازگەیەکى بەغدا بۆمبێک تەقییەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان سەربازە؛ دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
تەقینەوەکە کاژێر 11:30 خولەکى شەوى رابردوو لە نزیک بازگەیەکى ناوچەى سەلامیات لە رۆژئاواى بەغدا روویداوە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى بەغدا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆمبەکە لە ناو زەرفێکى دلیڤەرى دانراوە کە لە رێگەى ماتۆڕێکى جۆرى توکتوک گوێزراوەتەوە و ئەو کەسەى دلیڤەرییەکەى بۆ نێردراوە لە نزیک بازگەکە چاوەڕێی کردووە و لەکاتى وەرگرتنیدا بۆمبەکە تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە ماتۆڕسوارەکە کوژراوە و ئەو کەسەش بریندار بووە کە دلیڤەرییەکەى بۆ چووە، هەروەها سەربازێکى سوپا کوژراوە و ئەندامێکى ئەنجوومەنى رابوونیش بریندار بووە.
ئەو فەرماندەییە رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوى تەقینەوەکە دەستیپێکردووە و لیژنە ئەمنییەکان لە هەوڵى دۆزینەوەى سەرەداوى تاوانەکە و بکەرانین.
عەمید روکن وەلید تەمیمى، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا بە میدیاى فەرمى عێراقى گوتووە: "رووداوەکە تاوانکارى بووە نەک تیرۆریستى و هۆکارەکەى کێشەى کەسی بووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ