پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: عێراق لە روانگەی مرۆییەوە بڕیاری پێدانی قەرز بە ھەرێمی کوردستانی دا

 
رووداو - بەغدا

ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پابەندبوون و نەبوون بە یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. وەزیری دارایی عێراق بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی گوتووە، هەرێمی کوردستان شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە داهاتەکانی نێوخۆ و ئەو پارانەی بۆی نێردراوە 8 تریلیۆن و 61 ملیار دیناری بەردەست بووە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بەغدا تەنیا 2 تریلیۆن و نیو دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، زۆربەی پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن، ناردنی 500 ملیار دینار بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان وەکو قەرز "بابەتێکی مرۆییە."
 
د. فراس مەسلەماوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەڵێت، "حکومەتی ئێستا لە روانگەی مرۆییەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی قەرز بە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمەش سنوورێکی ھەیە، بۆیە ئێستا دەبێت لەسەر ھەندێک خاڵ بوەستین، ئەویش ژمارە راستەقینەکانە، بۆئەوەی لە پەرلەمان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدرێت."
 
بەگوێرەى بڕگەى 2ى مادەى 11ى یاساى بودجەى گشتیى پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجیى "راستەقینە" دیاریدەکرێت لە هەردوو خەرجیى بەردەوام و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، لەدواى دەرکردنى خەرجیى سیادى، لەوانەش خەرجیی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە. پەرلەمانتارێکی یەکێتی باس لەوە دەکات، لەپشت زمانی ژمارەکانەوە، بیانووەکان سیاسین.
 
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لەڕاستیدا ئەم ژمارانە بیانوون، ئەمانە دیوی دەرەوەی کێشەکەن، دیوی ناوەوەی کێشەکە سیاسییە؛ چونکە لە عێراق، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ھەموو ھاوکێشەکان پەیوەستە بە ھاوکێشەیەکی دیکەی نێوخۆ و ھەرێمییەوە، بۆیە ئەمە دەبێت لە ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڕیاری لەبارەوە بدرێت و ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت."
 
حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی راپۆرتەکەی بەردەستی وەزارەتی دارایی عێراقی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، شایستەی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینارە، کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 375 ملیار دینار؛ بەڵام لە 01-01-2023وە وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕی دوو تریلیۆن و 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە 400 ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 11 و 12ی ساڵی 2022، لە کاتێکدا بەپێی خشتەکانی یاسای بودجە، تاوەکو مانگی هەشتی ساڵی 2023 بڕی 11 تریلیۆن دینار تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.
 
زۆربەی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان نایشارنەوە ھاتنی ھەردوو وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمان کێشەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە چارەسەر ناکات و دەڵێن، پێویستە لە ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە حکومەتی ئێستای پێکهێناوە، ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.