لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێران: 2 ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکاری شیعە چوونەتە عێراق

10-09-2022
گۆڤەند مستەفا
 چەند زیارەتکارێکی شیعە لە بەغداوە بەرەو کەربەلا بەڕێکەوتوون. وێنە: AFP
چەند زیارەتکارێکی شیعە لە بەغداوە بەرەو کەربەلا بەڕێکەوتوون. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاتنی زیارەتکاران ئێرانی لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بەردەوامە، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەکە ئاماژە بەوە دەدات، تاوەکو ئێستا نزیکەی 18 هەزار زیارەتکار لەو دەروازەیەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق رایدەگەیێنێت، 2 ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکاری شیعە چوونەتە نێو عێراق. 
 
شێخ غولامڕەزا ئەبازەری، پاشکۆی رۆشنبیری باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق و گوتەبێژی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی کرد و سەبارەت بە هاتنی ژمارەی زیارەتکارانی ئێران بۆ رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە عێراق رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکار لە ئێرانەوە هاتوونە عێراق و لەو ژمارەیە، تەنیا 540 هەزاریان گەڕاونەتەوە." 
 
غولامڕەزا ئەبازەری دەشڵێت: "لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخیشەوە، تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی زیاتر لە 30 هەزار کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوەی بەرەو کەربەلا و نەجەف بەڕێبکەون." 
 
سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵسوکەتی بەرپرسان و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش، گوتەبێژی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق گوتی: "هەڵسوکەوتی بەرپرسان و خەڵکی هەرێمی کوردستان جێگەی سەرنج و رەزامەندی بەرپرسانی حکومیی ئێران و زیارەتکارانی ئێران بووە."   

 

 
 
رۆژی شەممە 10-09-2022، بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند: هاتنی زیارەتکارانی بۆ هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بەردەوامە و تەنانەت لە رۆژانی رابردووش زیاتر بووە. 
 
لەبارەی دوایین ئاماری هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکان، سالار تەحسین، بەرپرسی نیشنگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران، قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "لە 7ی مانگەوە کاروانی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ نەجەف و کەربەلا دەستیپێکردووە، رۆژی یەکەم ژمارەکە کەمبوو، بەڵام رۆژی دووەم سێ بەرامبەری رۆژی یەکەم زیاد بوو." 
 
بە گوتەی سالار تەحسین، "تەنیا رۆژی هەینی 09-09-2022، نزیکەی 7 هەزار گەشتیاری ئایینی لەو دەروازەیەوە هاتوون، لە دوێنێ-وەش تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 14 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە گەشتیان بۆ هەولێر کردووە لەوێشەوە بۆ نەجەف و کەربەلا."
 
گوتیشی، "وەکو لایەنی پاسپۆرت و نیشینگە کارەکانمان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، هێزی مرۆیی و لۆجیستی ئێمە لە ئامادەباشیدایە، بە نزیکەیی 40 کۆمپیوتەر کاردەکەن، دوو کۆمپیوتەر بۆ دیپلۆماسی، 6 کۆمپیوتەر بۆ چوون و هاتنی گەشتیاری ئاسایی، 26 کۆمپیوتەریش تەنیا بۆ زیارەتکارانی ئایینی دانراوە." 
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ پارێزگاری ورمێ سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بکات، لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی، مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "ئەوەی بە ئێمەیان راگەیاندووە کە بەڕێز پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران سەرەتا سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی تەمەرچین دەکات بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکان ببینێت، دواتر سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانیش دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەو ئامادەکاریانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی." 
 
مەسعود باتێلی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە سەبارەت بە وەستانی هاتن و چوونی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەکە و دەڵێت: "هاتنیان لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بەردەوام دەبێت، چونکە دەنگۆیەکی وا بڵاوببوەوە کە لە سنوورەکانی وشکانی نێوان عێراق و ئێران دادەخرێت.. ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ برادەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تاوەکو ئێستا هیچ شتێک وا رانەگەیێندراوە، بە پێچەوانەوە بە ئێمە دەڵێن، رۆژ بە رۆژ زیارەتکار لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران زیاتر دەبێت." 
 
سەبارەت بە ئامارەکانیش، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران گوتی: "ئێمە یەکەمجار پێشبینیمان کردبوو رۆژانە 15 تاوەکو 25 هەزار زیارەتکار بێن، بەڵام لە رۆژی یەکەم ژمارەکە زۆر کەمبوو، بەڵام رۆژبەڕۆژ ژمارەکە بەرزبووەتەوە، کۆی ژمارەی زیارەتکاران لە دەستپێکی پرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 18 هەزار زیارەتکار دەبێت کە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە