زیاتر لە 11 هەزار دۆنم زەوی لە بەسرە بۆ چاندنی دانەوێڵە زیاد دەکرێت
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای بەسرە دەڵێت، رووبەری زیاتر لە 11 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی بۆ چاندنی گەنم و جۆر لە پارێزگاکە زیادکرا، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە پێشوودا ئەو رووبەرە کەمرابووەوە.
رۆژی شەممە، 10-9-2022، هادی حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاراستەی ئەوەهەیە لە پارێزگای بەسرە گرنگی بە کشتوکاڵی ناوچە بیابانەکان بدرێت. لە وەرزی ساڵی رابردوودا رووبەری چاندنی گەنم و جۆ 32 هەزار دۆنم زەوی بووە، بەڵام ئەمساڵ 11 هەزار و 500 دۆنم زیادیکردووە. دەشڵێت: "بە کۆی گشتی دەکاتە 43 هەزار و 500 دۆنم زەوی."
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەسرە، دۆخی کشتوکاڵی پارێزگاکە بەرەو باشی دەڕوات، لەکاتێکدا پارێزگاکە بە دۆخێکی ژینگەیی و کەشوهەوای سەخت تێدەپەڕێت لەڕووی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمئاویی و پیسبوونی ئاوی رووبارەکان بەهۆی فڕێدانی پاشەڕۆوە.
وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق بڕیاریداوە رووبەری چاندنی زەویی کشتوکاڵی کەم بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە تورکیا و ئێرانەوە. محەممەد خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق هۆشداری ئەوەی داوە کە کەمئاوی هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی عێراقییەکان دەکات.
دۆسیەی ئاو ئاڵنگارییەکی گەورەیە کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە وەک وڵاتێکی نیمچەبیابان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 41 ملیۆن کەسە. چەندین جار بەغدا، تورکیا و ئێرانی دراوسێی بە بەرپرس داناوە لە کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو، ئەمەش بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبار و سەرچاوەکانی ئاو.
عێراق وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت، یەکێک لەو پێنج وڵاتەی جیهانە کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و بەبیابیانبوونیان لەسەرە. ئەمە وەک نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ کردووە. بەتایبەتی بەهۆی زیادبوونی وشکەساڵی لەگەڵ زیادبوونی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا کە لە هەندێک شوێن 50 پلەی تێپەڕاندووە.
هادی حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای بەسرە دەڵێت، "وشکەساڵیی زۆنگاوەکان کاریگەری لەسەر بەخێوکردنی گامێش و دانیشتووانی گوندەکان دروستکردووە. هەروەک سوێربوونی ئاویش کاریگەری کردووەتە سەر ناوچەکانی فاو، ئەبی ئەخسیب و سیبە، بەوهۆیەوە زۆربەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە وازیان لە کشتوکاڵکردن هێناوە".