لە واست پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی وەرگەڕا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا

10-09-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو- هەولێر 

بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە لە پارێزگای واست، سێ زیارەتکاری ئێرانی گیانیان لەدەستدا و 15ی دیکەش برینداربوون کە بەمەبەستی زیارەتکردنی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراقیان کردووە. 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 10-09-2022 پاسێک کە زیارەتکارانی ئێرانی دەگواستەوە، لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست وەرگەڕا و لە ئەنجامدا سێ زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 15ی دیکە برینداربوون.
 
حکومەتی عێراق 13 دەروازەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا هەیە کە شەشیان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێرانە. بەگوێرەى ئامارێکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، لە 14ى ئاب تاوەکو 7ى ئەیلوول یەک ملیۆن و 262 هەزار و 13 زیارەتکار بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێندا هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە.
 
غوڵامڕەزا ئەبازەری، گوتەبێژی باڵای زیارەتکارانی ئێران لە بەغدا لە میانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ شەممە هەوراز گوڵپی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا و لە کاتی هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەکانەوە بۆ عێراق، 11 کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەندێکیان بە رووداوی هاتووچۆ و هەندێکیشان بە مردنی ئاسایی بووە.
 
چلەى ئیمام حوسێن لە 17ى ئەیلوول بەڕێوەدەچێت و چەندین مەراسیم لە پارێزگا زۆرینە شیعەکانى عێراق بەو بۆنەیەوە رێکدەخرین، زیارەتکاران دەچنە پارێزگاى کەربەلا کە مەزارى ئیمام حوسێنى لێیە.
 
لیوا تارق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵی 2021 لە عێراق زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی سووتانی بازاڕی شۆرجە لە بەغدا. وێنە: رووداو

ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا زیانی نیو ملیۆن دۆلاری لێکەوتووەتەوە

ئاگر لە بازاڕی شۆرجە لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتەوە، زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی و ئەمیندارێتیی بەغدا بەردەوام هەوڵی کۆنترۆلکردنی ئاگرەکەیان دا، بەڵام ئاگرەکە بۆ زیاتر لە شەش کاژێر بەردەوام بوو و زیانێکی زۆری مادیی لێکەوتەوە